میلان گرێبەستەکەی ستیفانۆ پیۆلی نوێدەکاتەوە
دانوستانەکانی نێوان یانەی ئەیسی میلان و ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری یانەکە هەنگاوی باشی بڕیوە و هەردوولا ئاسانکاری بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەکەن
یانەی ئەیسی میلان پێش کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری یانەکە، دەیەوێت ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2024 نوێبکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە هاوینی 2022 ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ میلان کۆتاییدێت.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکرد: "بەرپرسانی میلان پلانیان داناوە بەر لە کۆتایی ساڵی 2021، نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەری یانەکە رابگەیەنن".
هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەرپرسانی یانەی میلان، بۆ ئەوەی پیۆلی رازی بکەن، بەنیازن بەهای گرێبەستەکەی بۆ دوو هێندەی ئێستا زیاد بکەن، واتە ساڵانە 4 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت".
میدیاکانی نزیک لە یانەی میلان باس لەوە دەکەن: "هێشتا هەردوولا لەسەر مووچەی ساڵانەی یانەکە نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی، چونکە چەند بژاردەیەک هەیە بۆ جێگیرکردنی مووچەی ساڵانەی راهێنەرە تەمەن 56 ساڵییەکەی میلان کە لەنێوان 3 بۆ 4 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە وەردەگرێت، بەڵام هێشتا لەسەر بەهای گرێبەستەکەی گفتوگۆ بەردەوامە".
لەلای خۆشییەوە پیۆلی لە دوایین هەڵوێستیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "دەیەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ میلان بەردەوام بێت و بیر لە رۆیشتن لە یانەکەی شاری میلانۆ ناکاتەوە ئەمەش پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئاسان کردووە".
یانەی ئەیسی میلان بەدرێژایی ئەم وەرزەی سێریا ئەی دووچاری هیچ شکستێک نەبووەتەوە و بە جیاوازی گۆڵ لەدوای ناپۆلی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیاڵییەوە دێت بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ.
ستیفانۆ پیۆلی لە ئۆکتۆبەری 2019 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئیسی میلانی ئیتاڵی واژۆ کرد، وەرزی رابردوو دوای دابڕانێکی زۆر، یانەکەی بۆ چامپیۆنزلیگ سەرخست کە میلان لە نێوان 2013-2014 تاوەکو 2020 لە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بووبوو. وەرزی رابردوو بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ، توانی پلەی دووەمی سێریا ئەی بەدەست بهێنێت و لە وەرزی 2021-2022 بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات