گەورەترین ئابڕووچوون لە مێژووی تۆپی پێی تورکیادا ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا 1024 یاریزانی لە خولەکانی وڵاتەکە سڕکرد، بەهۆی ئەوەی گومان دەکرێت دەستیان لە قومارکردن هەبووبێت، لەنێو یاریزانەکان چەندین ئەستێرەی دیاری یانەی گەورەی وڵاتەکە وەک گاڵاتەسەرای و بێشیکتاش دەبینرێن.
ئەم بڕیارە بە گەورەترین ئابڕووچوونی مێژووی تۆپی پێی تورکیا دادەنرێت و کاریگەری گەورەی لەسەر خولەکانی وڵاتەکە دەبێت.
یەکێک لە یاریزانە دیارەکانیش، بەرگریکاری یانەی گاڵاتەسەرای، ئێرین ئەلماڵی، کە ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی تورکیا بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی بەرامبەر ئیسپانیا و بولگاریا دەرهێندرا، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی لە لیستی یاریزانە گومانلێکراوەکاندا هاتبوو.
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەم سڕکردنە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان بۆ بنبڕکردنی قومارکردن لە یاریی تۆپی پێی وڵاتەکە، ئاماژەی بەوەشدا، هیچ یاریزانێک رێگەی پێنادرێت بەشداری لە یارییە فەرمییەکاندا بکات تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی دێن.
ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێکهاتەی یانەکان بەگشتی و هەڵبژاردەی وڵاتەکە بەتایبەتی.
بەر لە چەند رۆژێک میدیاکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر ناوبژیوانی خولەکانی تۆپی پێی تورکیا لە قومارکردن و گرەوکاری تێوەگڵاون و خودی سەرۆک کۆماری تورکیا هەتە سەرهێڵ.