بارسێلۆنا وەڵامی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا دەداتەوە سەبارەت بە یامال
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا وەڵامی راگەیێنراوەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای دایەوە، سەبارەت بە لامین یامالی یاریزانی باڵی یانەکە، کە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورخراوەتەوە، بۆ هەفتەی فیفای ئێستا. بارسا رایگەیاند "ئێمە هەر شتێک پێویست بێت بۆ چاکبوونەوەی لامین یامال دەکەین و دەستبەجێ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیامان لە ماوەی پشووەکەی ئاگادارکردووەتەوە".
هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی بەرامبەر جۆرجیا و تورکیا، لە رۆژانی 15 و 18ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، ناڕەزایی و سەرسامی قوڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو شێوازەی کە بارسێلۆنا بۆ چارەسەرکردنی پێکانی لامین یامال لە گلێنچکە بەکاریهێنا، بەبێ ئاگاداری یەکێتییەکە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کە لە هەمان رۆژی کۆبوونەوەی فەرمی هەڵبژاردەی نیشتمانی بوو.
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە راگەیێنراوێکدا لەو بارەیەوە رایگەیاند "تیمی پزیشکیی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سەرسوڕمان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی دوای ئەوەی لە کاژێر 13:47ـی رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی دووەم، کە رۆژی دەستپێکی کەمپی فەرمی هەڵبژاردەکەمان بوو، زانییان کە یاریزان لامین یامال بەیانی ئەو رۆژە نەشتەرگەرییەکی بە بەکارهێنانی شەپۆلی رادیۆیی بۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئازاری ناوچەی گلێنچکە. ئەم کارە ئەنجامدراوە بەبێ هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختە لەگەڵ ستافی پزیشکی هەڵبژاردەکە، کە تەنیا لە رێگەی راپۆرتێکەوە لە کاژێر 22:40 خولەکی شەوی رابردوودا ئاگاداری وردەکارییەکانی بوون، کە تێیدا ئامۆژگاری پزیشکی هەیە کە دەبێت یاریزانەکە بۆ ماوەی 7 بۆ 10 رۆژدا پشوو وەربگرێت. لەم سۆنگەیەوە و لە پەرۆشی هەمیشەیی بۆ تەندروستی، سەلامەتی و باشبوونی یاریزانەکە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدا یاریزانەکە دووربخاتەوە".
ئەم گرژییە لەنێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا لە یەکەم هەفتەی فیفای ئەم وەرزەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی لامین بە پێکرانەوە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا گەڕایەوە بارسێلۆنا، کە بووە هۆی ئەوەی بۆ 4 یاری لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی دووربکەوێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، تیمی پزیشکی بارسا دەستبەجێ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای لە بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێت "بارسێلۆنا جەخت دەکاتەوە کە بە بەرپرسیارێتی و بە هەماهەنگییەکی بەردەوام کاردەکات، بەڕێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکە، بە تاکە ئامانجی دڵنیابوون لە چاکبوونەوەی و گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان بەشێوەیەکی ئاسایی".
بارسێلۆنا، بەپێی رۆژنامەکە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە راوێژی بە پزیشکی بەلجیکی ئێرنست شیلدەرز کردووە، کە پسپۆڕێکی ناودار و شارەزای نێودەوڵەتییە لەم جۆرە پێکانانە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، دکتۆر شیلدەرز، رۆژی دووشەممە سەردانی لامین یامالی کردووە لە دامەزراوەکانی بارسێلۆنا، و پزیشکەکە دۆخی پێکانەکەی هەڵسەنگاندووە، روونیکردووەتەوە کە پێکانەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، سەرەڕای مەترسییە شاراوەکانی لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا.
روونیشی کردووەتەوە کە بەڕێککەوتن لەگەڵ پزیشکی راوێژکار و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی یانەکە، هەروەها خودی یاریزانەکە، بڕیاردرا چارەسەری شەپۆلی تادیۆیی بۆی بکرێت.
ئەم چارەسەرە ماوەیەکی پشوودان و چاودێری تایبەتی پێویستە، کە تیمی پزیشکی بارسێلۆنا دەستبەجێ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای لێ ئاگادار کردووەتەوە.