عادل عەلی: یاریزانەکانی ئەم وەرزەمان باشترن لە وەرزی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
عادل عەلی، راهێنەری یانەی شێروانە لە دوای گەڕانەوەی بۆ یانەکە، لە یەکەم لێدوانیدا بە رووداو سپۆرتسی رایگەیاند "یاریزانەکانی ئەم وەرزەمان بەهێزترن لە وەرزی رابردوو".
یانەی شێروانە وەرزی رابردوو بەسەرکردایەتی عادل عەلی، نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، بەڵام یانەکە رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند و کامەران عەلی بووە راهێنەری یانەی شێروانە، بەڵام کاروانەکەی کامەران لەگەڵ شێروانە درێژ نەبوو، کە دوای پێنج یاریی دەستی لەکارکێشایەوە و عادک عەلی وەک راهێنەری یانەکە هەڵبژێردرایەوە.
عادل عەلی، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرای کرد "بەدەستهێنانی نازناو ئاسان نییە و پێویستی بە بەردەوام بوون هەیە، بەڵام هەر تیپێک نازناو بەدەستبهێنێت، ئاسان نابێت دووبارە هەمان نازناو بەدەستبهێنێتەوە، بۆیە وەرزیکی سەختمان لەپێشە و دەبێت هەوڵ بدەین پارێزگاری لە نازناوی وەرزی رابردوومان بکەین".
راهینەرەکەی شێروانە، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پێکهاتەی شێروانە بۆ وەرزی نوێ، بە رووداو سپۆرتسی گوت "پێکهاتەکەمان ئامادەیە، لەرووی یاریزانەوە ئەم وەرزە شێروانە لە وەرزی رابردوو بەهێزترە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە رکابەریی بکەین و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان بدەین".
یانەی شێروانە لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، سێ یاریی ئەنجام داوە و خاوەنی دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکە.