زاخۆ دەیەوێت سەرکەوتنەکانی زەورا رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕی 12ـی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق، کاژێر 14:00 یانەی زاخۆ میوانداری یانەی زەورا دەکات، یانەی نەورۆز یاری لەگەڵ ئەمانە دەکات.
وەرزی ئەمساڵ یانەی زاخۆ ئاستێکی بەرزی لە خولی عێراق پێشکەشکردووە و بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە، هەر بۆیە سوورپۆشەکانی خابوور تامەزرۆی 3 خاڵی یارییەکەن بۆ هەنگاونان بەرەوە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە و یانەی زەورا 25 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە.
تەها زاخۆی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش بۆ ئەم تاقیکردنەوە قورسە ئامادەیە، لە رووی پێکهاتەی یاریزانان کەموکوڕیمان نییە و هیچ یاریزانێک تووشی پێکان و سزای کارتی رەنگاوڕەنگ نەبووە، ئامانجی ئێمە بە پاڵپشتی بەهێزی هاندەران سەرکەوتنە".
لە یارییەکی دیکەدا یانەی ئەمانە بەغدا لەگەڵ یانەی نەورۆز یاریدەکات، یانەی نەورۆز یەکەم وەرزە بەشداری خولی نایابی عێراق دەکات، تیپەکە ئاستێکی مامناوەندی پێشکەشکردووە، لەم یارییەدا هیوای تیپەکەی پایتەختی رۆشنبیری بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە، بەتایبەت ساموێل ئیکۆی هێرشبەری پیشەگەری یانەی ئەمانە بەغدا بەهۆی پێکان ناتوانێت بەشداری یارییەکە بکات.
عودەی سەبار، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی ئەمانە بەغدا، بۆ رووداو گوتی "سەرباری پێکانی یاریزانێکی کاریگەرمان بۆ یارییەکە، کار لەسەر پیشاندانی ئاستێکی بەرز کراوە، دەزانین ئەرکمان ئاسان نییە، چونکە یانەی نەورۆز تیپێکی باشە و لە یارییەکانی ئەم دواییەی خولی عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە".
هەر ئەمڕۆ لە خولی عێراقدا ئەم یارییانە ئەنجامدەدرێن:
نەفت - نەفتی بەسرە
نەجەف - سامەرا
شورتە - نەفتی میسان