ریال مەدرید چاودێریی مێسی دەكات
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایدەكەن سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هێشتا بە هیوای ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان گرێبەست لەگەڵ مێسی واژووبكات و ئێستاش دەیەوێت بارودۆخی مێسی لەگەڵ یانەكەیدا بقۆزێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی ئاماژەی بەوەداوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید باش دەزانێت تەنیا چەند یانەیەكی كەم هەن توانای ئەوەیان هەیە گرێبەست لەگەڵ مێسیدا بكەن، بە تایبەتی یانەكەی خۆی، هەروەها ئەوەش دەزانێت ئەگەری ئەوە هەیە مێسی بارسیلۆنا جێبێڵێت، ئەگەر یانەیەك ئامادەبێت 250 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانە ئارجێنتینییەكە لەگەڵ بارسا.
سەرۆكی ریال مەدرید ئەوە دەزانێت رەنگە تەنیا دوو یانە هەبن بتوانن گرێبەست لەگەڵ مێسیدا بكەن، كە یەكێكیان یانەكەی خۆیەتی، كە لە رووی داراییەوە زەبەلاحە و كێشەی لەگەڵ رێنماییەكانی یاریی خاوێندا نییە، كە یوێفا دایناوە، یانەیەكی دیكەش مانچستەر یونایتدە، كە دەوڵەمەندترین یانەی ئینگلیزییە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرت، سەرەراِی بوونی ناوی یانەی مانچستەر سیتی وەكو دیارترین پاڵێوراو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مێسیدا، بەڵام سەرۆكی ریال مەدرید ئەوە دەزانێت تەنیا مان یونایتد توانای ئەو كارەی هەیە، بە تایبەتی كە مان سیتی بەهۆی رێنماییەكانی یاریی خاوێنەوە هەڕەشەی یوێفای لەسەرە.
پێرێز وای نابینێت یانەی چێڵسیی توانای گرێبەستكردنی لەگەڵ مێسیدا هەبێت، بەڵكو پێیوایە یانەكەی خۆی توانای ئەوەی هەیە 250 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مێسی بداتە بارسیلۆنا و هەردەمیش بە شایستەیی باسی لە تواناكانی ئەستێرە ئارجێنتینییەكە كردووە.
سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە یاریكردنی مێسی بە درێسی ریال مەدرید كارێكی ئاڵۆزە.
هەفتەی رابردوو بارودۆخی مێسی لەگەڵ یانەكەیدا باش نەبوو، بە تایبەتی لەگەڵ راهێنەرەكەیدا، هەرچەندە خۆی ئاماژەی بەوەدا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە لە یانەكەیدا.