کریستیانۆ رۆناڵدۆ: قبوڵی ناکەم

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پشتیوانی خۆی بۆ رالف رانگنیکی راهێنەری مان یونایتد نیشاندا، گوتیشی "قبوڵی ناکەم لە پرێمەرلیگدا لە 3 پلەی یەکەم نەبین".
 
رۆناڵدۆ لەبارەی رانگنیکەوە، کە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە پۆستی راهێنەری مانچێستەر یونایتدی وەرگرتووە، گوتی "لەوەتەی هاتنی رانگنیکەوە زۆر شت لە تیپەکەماندا گۆڕاون، بەڵام ئەو پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی بگەینێتە یاریزانان، پێموایە ئەو کارێکی باش دەکات".
 
ئەو زیاتر لەبارەی راهێنەرەکەیەوە گوتی "دەزانین کە ئێمە بەشێوەیەکی باش یاری ناکەین، بەڵام هێشتا زۆر یاریمان ماوە و پێویستە باشتر بین".
 
ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "وابزانم ئێمە لە هەندێک رووەوە لەگەڵ رانگنیک باشترین، بەڵام ئاسان نییە تۆ عەقڵیەتی یاریزانان و شێوازی یاریکردن و کلتوور و سیستمیان بگۆڕی".
 
کریس روونیشیکردەوە "قبوڵی ناکەین ئێمە لە پرێمەرلیگدا لەنێو 3 پلەی یەکەمی پرێمەرلیگدا نەبین، پێموایە عەقڵیەتی یانەکەشمان ئەوە قبوڵ ناکات".
 
رۆناڵدۆ زیاتر گوتی "ئێمە دەتوانین شتەکان بگۆڕین، رێگەی گۆڕینەکەش دەزانم، بەڵام نایڵێم، چونکە پێموایە ئەوە کارێکی نا ئەخلاقی دەبێت، دەتوانم بڵێم ئێمە دەتوانین کارێکی باشتر بکەین، من لێرەم بۆ بردنەوە و رکابەریکردن".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، کریستیانۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بۆ ئەوەی بتوانی شتی نوێ بونیات بنێی، دەبێت هەندێک شت لەنێوببەی و گوتی "بۆ نا؟ ساڵێکی نوێ و ژیانێکی نوێ، هیوادارم تیپەکەمان بەو ئاستە دەربکەوێت کە هاندەران دەیانەوێت، ئەوان شایەنی ئەوەن".