کلاسیکۆ کوردستان.. هەولێر و دهۆک دەیانەوێت یارییەکی مێژوویی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کلاسیکۆی کوردستانە، یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی دهۆک یاریی دەکات، دوو یانەی رکابەر، دوو یانەی گەورە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دەچنە یاریگەی فرانسۆ هەریری و رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە دەکەن.
کاژێر 17:30 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر یارییەکە بەڕێوەدەچێت، راستەوخۆ یارییەکە لە پەیجی رووداو سپۆرتس، یوتیوبی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی عیسا مەجید بە زمانی کوردی و لاوین هابیل، بە زمانی عەرەبی دەگوازرێتەوە.
هەولێر پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەکە لە هیچ یارییەکی ئەم وەرزەدا نەدۆڕاوە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەنجامەکانی باشەکانی بەردەوامبێت و پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بکات.
هەریەکە لە مامادۆ دیارا، ئاکۆ عوزێر و عەلا رەعد، لە ریزەکانی تیپەکەی قەڵا و منارە دادەبڕێن و بەشداری لەم یارییە گرنگەدا ناکەن.
رۆژی دووشەممە تیپەکەی قەڵا و منارە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا و ئامادەن بۆ یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕ رکابەری بۆ تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە.
یانەی دهۆک دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەو ئامانجەوە روویکردووەتەوە هەولێر و بۆ کلاسیکۆی کوردستان ئامادەیە.
ئەلهویێن چیا دوو رۆژە لە هەولێرن، تیپەکە رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک، سێ رۆژ دوای لە دەستدانی براکەی جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو مەشقەکانی تیپەکە و سەرپەرشتیی دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکەی کرد بۆ ئەم یارییە بەهێزە.
دهۆک لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی هەولێر دەمێنێتەوە، 20 خولەک لە یاریگەی فرانسۆ هەریرییەوە دوورە، تیپەکە لە دوایین 4 یاریی لەسەریەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت ئەمڕۆ پێنجەم بردنەوە تۆماربکات و هەولێر تووشی یەکەم دۆڕان بکات لەم وەرزەدا، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
لە ریزەکانی یانەی هەولێر، پاشەنگ عەبدوڵڵا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، یوسف ئیمام و مستەفا نەواف بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقەوە یاریی ناکەن.
یارییەکە بۆ یوسف بن سۆدە، هێرشبەری یانەی دهۆک تایبەت دەبێت و دەگەڕێتەوە یاریگەی یانەی پێشووی و رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە.