هۆکاری دەرکردنی ئەلۆنسۆ ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دان بە ئامارەکاندا نانێت و چابی ئەلۆنسۆ بووە دەیەمین قوربانیی دەستی ئەو سەرۆکە، کە هەمیشە بەدۆڕان لە بەرامبەر بارسێلۆنا زۆر لە راهێنەری تیپەکەی تووڕە دەبێت و لای ئەو دۆڕان بە بارسێلۆنا گەورەترین و بەئازارترین شکستە".
دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، بڕیارێکی نامۆ نییە بۆ یانە شاهانەکە و سەرۆکەکەی، فلۆرێنتینۆ پێرێز. باوکی رۆحی مێرێنگی راهاتووە بەبێ گوێدانە هیچ پێوەرێکی باوی سەرکەوتن و شکست، راهێنەران لە پۆستەکانیان لابدات. لای ئەو تەنیا دیدگای تایبەتی خۆی بڕیاردەرە، ئەنجامەکانی لۆس بلانکۆسیش لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی چابی، باشترین بەڵگەن بۆ ئەو راستییە.
پێرێز بڕیاریدا کۆتایی بە گەشتەکەی ئەلۆنسۆ بێنێت تەنیا دوای 34 یاری، کە دوایینیان دۆڕان بوو بەرامبەر بارسێلۆنا 3-2 لە فیناڵی سوپەری ئیسپانیا. لە شوێنی ئەویش، ئالڤارۆ ئەربێلوای هاوڕێی پێشووی لە مەدرید و لیڤەرپوول دەستبەکار بوو.
کاتێک ژمارەکان خاوەنەکەیان ناپارێزن
پێش ئەوەی مەدرید بەجێبهێڵێت، ئەلۆنسۆ لە کۆی 34 یاری؛ 24 سەرکەوتن، 4 یەکسانبوون و 6 دۆڕانی هەبوو.
ئەم تۆمارە بەوردی هاوتای ئەو ئەنجامانەیە کە هانزی فلیک وەرزی رابردوو لەم قۆناخەدا لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستیهێنابوون، بەڵام جیاوازییەکە لە کوێدایە؟ ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکاندا دووچاری تاڵاوی دۆڕان بوو بەرامبەر پاریس سانجێرمان بەئەنجامی 4-0، جگە لە دوو دۆڕان لە لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و سێلتا ڤیگۆ، لە چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی چۆکی دادا، تاوەکو گەیشتە دۆڕانی کلاسیکۆی جەددە.
بارسای 'فلیک'.. مۆدێلێکی نموونەیی بۆ بەراوردکاری
لە بەرامبەردا، بارسێلۆنا لەژێر دەستی فلیکدا 34 یاریی یەکەمی تەواو کرد. هەرچەندە تیپەکەی فلیک لەو قۆناخەدا 5 دۆڕان و 3 یەکسانبوونی لە لالیگادا هەبوو (کە واتای لەدەستدانی 21 خاڵ بوو)، بەڵام ئەلۆنسۆ تەنیا 12 خاڵی لەدەستدابوو. لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەنجامەکانی ئەلۆنسۆ لە خولدا باشتر بوون، بەڵام 'کولتوری سەبر' لە مەدرید و بارسێلۆنا تەواو جیاوازە.
عەقڵییەتی پێرێز.. ئەلۆنسۆ دەیەمین قوربانییە
لە ریال مەدرید، پێرێز نوێنەرایەتی 'بەڕێوەبردنی پۆڵایین' دەکات. بەگوێرەی تۆڕی ESPN، ئەلۆنسۆ بووە دەیەمین راهێنەر کە لە سەردەمی پێرێزدا دووربخرێتەوە بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک ساڵی تەواو لە پۆستەکەیدا بێت. پێرێز تەنیا چاوی لە سەرکەوتنی خێرا و گرێبەستی گەورەیە، هیچ کاتێکیش دوودڵ نابێت لە گۆڕانکاریی کتوپڕ بۆ پاراستنی وێنەی 'گەورەترین یانەی جیهان'، ئەمەش دەریدەخات کە لای پێرێز پشوو درێژیی بوونی نییە، بەتایبەت لە کاتی شکست لە کلاسیکۆکاندا، چونکە لای پێرێز گەورەترین شکست ئەوەیە کە بەرامبەر بارسێلۆنا بدۆڕێی.
لەکاتێکدا لە بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا پەیڕەوی شێوازێکی لەسەرخۆتر دەکات و متمانە بە پڕۆژە درێژخایەنەکان دەدات، وەک ئەوەی لەگەڵ فلیکدا روویدا سەرەڕای کێشە داراییەکان و سەرەتا پڕ لە گومانەکان.
ئەربێلوا و سەرەتایەکی نوێ.. ئایا ئەزموونی فلیک دووبارە دەبێتەوە؟
رۆژنامەی مارکا لەسەر ئەم گۆڕانکارییە دەڵێت "ریال مەدرید کە ئێستا ئەربێلوای دەستنیشان کردووە، دەتوانێت متمانە لە نموونەکەی بارسێلۆنا وەربگرێت". وەرزی رابردوو تیپەکەی فلیک توانییان لە مانگی یەکەوە ریمۆنتادا بکەن و نازناوی لالیگا ببەنەوە، دوای ئەوەی لە نیوەی دووەمی وەرزدا تەنیا یەک یارییان دۆڕاند. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەربێلوا دەتوانێت هەمان رێچکە بگرێت و ریال مەدرید بگێڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان؟ یان خۆیشی دەبێتە قوربانیی یانزدەمین قوربانی دەستی فلۆرێنتینۆ پێرێز.