نهێنی نوێ لەسەر شەرمەزارییەکانی مەشقەکانی ریال مەدرید لە سەردەمی ئەلۆنسۆدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئێلچیرینگیتۆی بەنێوبانگی ئیسپانی بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و چەند نهێنییەکی سەرنجڕاکێشی نێو ژووری جلگۆڕین و مەشقەکانی ریال مەدریدی لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆدا ئاشکرا کرد، کە ئاماژە بۆ هەبوونی بێسەروبەری و کەمتەرخەمییەکی زۆر لە نێوان یاریزانە سەرەکییەکاندا دەکەن.
ئیدۆ ئاگێری، رۆژنامەنووسی ناوداری ئیسپانی لەمیانی بەرنامەکەدا رایگەیاند "لە سەردەمی ئەلۆنسۆدا، هەندێک لە یاریزانە گرنگەکانی تیپەکە لە کاتی مەشقەکاندا زۆر کەمتەرخەم بوون؛ یاریزان هەبووە لە دوایین خولەکەکانی مەشقەکەدا دەگەیشت، هەر کە مەشقەکەش تەواو دەبوو، یەکسەر شوێنەکەی جێدەهێشت"، ئەمەش وێنەیەکی روونی ئەو بێ دیسپلینییە نیشان دەدات کە لەنێو یانەکەدا باڵادەست بووە.
ئەم زانیارییانە رەهەندێکی نوێ دەدەنە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، کە یانەی ریال مەدرید دوێنی بەفەرمی رایگەیاند بە رەزامەندی هەردوولا کۆتاییان بە کارەکانی هێناوە، ئەوەش دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا بەئەنجامی 3-2 کە لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە ئەلۆنسۆ خۆی شەوی شکستەکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە قەیرانەکە تەنیا پەیوەندی بەئەنجامی کلاسیکۆوە نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی کێشە و گرفتێکی قوڵتر بووە لەناو ژووری گۆڕینی جلوبەرگدا.
ئەو زانیارییانەی ئەلچێرینگیتۆ بڵاویکردوونەتەوە، یەکدەگرنەوە لەگەڵ هەڵوێستە سەیرەکەی ئەلۆنسۆ دوای رۆیشتنی، کە هەستا بە سڕینەوەی سەرجەم وێنەکانی سەردەمی راهێنەرایەتی لە ریال مەدرید و تەنیا یەک وێنەی هێشتووەتەوە کە لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، کە لە تۆژی ناساندنیدا گرتوویەتی.
هاوکات، ئەم تەمومژە کاریگەری کردووەتە سەر دۆسێیەی ڤینیسیۆس جونیۆریش؛ فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپۆڕی گواستنەوەی یاریزانان ئاشکرای کردووە کە ئەستێرە بەرازیلییەکە پێشتر رەتیکردبووەوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی چارەنووسی ئەلۆنسۆ یەکلا دەبێتەوە، ئەمەش قەبارەی ئەو شڵەژانە تەکنیکی و کارگێڕیی نیشان دەدات کە یانەکە تێیکەوتبوو.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پشێوە، کارگێڕیی ریال مەدرید بەخێرایی بڕیاری دا و ئەلڤارۆ ئەربێلوای وەک راهێنەری نوێی تیپی یەکەم دەستنیشان کرد، بەو ئومێدەی بتوانێت دیسپلین و شکۆ بۆ ژووری جلگۆڕینی جلوبەرگی مێرێنگێ بگێڕێتەوە.