ڤیدیۆ؛ ئەگەر هەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سڕ بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕ دوای دێربیی ریاز دەکەوێتە تەڵەوە و مەترسیی سزادانی لەسەرە، لەبەرئەوەی بە ئاماژەیەک وای نیشانداوە کە یارییەکەیان لێ دزیوە.
دوای شکستە تاڵەکەی یانەی نەسڕ بەرامبەر یانەی هیلالی رکابەرە مێژووییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، خۆی لەبەردەم سزایەکی چاوەڕوانکراودا دەبینێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی لە دێربیی ریازدا دیمەنێکی جێی مشتومڕی تۆمارکرد و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
نەسڕ بەئەنجامی 1-3 لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا دووچاری شکست بوو بەرامبەر هیلال لە گەڕی 15ـی خولی رۆشەنی سعودی، بەڵام ئەوەی لە دوای یارییەکە بووەتە باسی گەرمی میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا، تەنیا ئەنجامەکە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی نادیار و پڕ لە گومانی کریستیانۆیە بەرامبەر کامێراکان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاتێک لەسەر کورسیی یەدەگ دانیشتبوو، رێک دوای ئەوەی هیلال گۆڵی سێیەمی لەڕێگەی لێدانی سزاوە تۆمارکرد، کە دووەم لێدانی سزا بوو بۆ هیلال هەژمار بکرێت، جووڵەیەکی بە دەستەکانی کرد کە زۆر کەس وەک ناڕەزایەتییەکی تووند یان سووکایەتی لێکیان دایەوە.
عەبدوڵڵا قەحتانی، راوێژکار و شارەزای ناوبژیوانی، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر ئەو مەترسییەی رووبەڕووی کریس دەبێتەوە و گوتی "لە حاڵەتێکی لەم جۆرەدا، ئەگەر لیژنەی تەمبێکردن و پێبژاردن پێیوابێت ئەو جووڵەیە لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکرێت، نووسراوی فەرمی بۆ یانەی نەسڕ دەکەن".
قەحتانی دەشڵێت "ئامانج لەو نووسراوە وەرگرتنی گوتەی یاریزانەکەیە تاوەکو روونی بکاتەوە مەبەستی چی بووە لەو جووڵەیە. لیژنەکە لەسەر بنەمای وەڵامەکەی، بڕیاری گونجاو دەدات. ئەمەش بۆ ئەو حاڵەتانەیە کە ناوبژیوان نەیبینیون، بەڵام لە گواستنەوەی راستەوخۆ و فەرمیی یارییەکەدا دەرکەوتوون".
ئەم شارەزایە باسی لەوەش کرد کە لێکدانەوەی جووڵەکان بەپێی کلتوور و تێگەیشتنی گشتیی ئەو وڵاتە دەبێت کە رووداوەکەی تێدا روویداوە؛ واتا ئەگەر لە سعودیە ئەو ئاماژەیە وەک بێڕێزی لێکبدرێتەوە، ئەوا رۆناڵدۆ رووبەڕووی سزای راگرتن دەبێتەوە، مەگەر خۆی بتوانێت پێچەوانەکەی بسەلمێنێت.
ئەو جووڵەیەی رۆناڵدۆ کردی، لە ئەورووپا باوە و بە مانای دزیکردن دێت، کە پێشتریش کریس کاتێک یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو ئەو جووڵەی کردووە بەمەبەستی ئەوەی کە یارییەکەیان لێ دزیوە.