هەڵمەتی فرۆشتنی درێسی ئەستێرەکان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

 

مەریح دەمیرال، یاریزانی تورکی، لە هەڵمەتکەی خۆیدا بەردەوامە، کە لە سۆشیال میدیای خۆیدا رایگەیاندووە و درێسی ئەستێرەکانی تۆپی پێ. بە واژۆی خۆیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشێت و داهاتەکەی پێشکێشی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەکات.
 
ئەو گوتی بە فرۆشتنی درێسەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پاولۆ دیبالا و لیۆناردۆ بونۆچی 5 ملیۆن لیرەی تورکی کۆکردووەتەوە.
 
بە قسەی یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، ئەو هەڵمەتەی کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە و ئەستێرەکانی دیکەش هاتوونەتە سەر هێڵ و درێسەکانیان پێشکەش دەکەن.
 
گۆڵپارێزی ئەفسانەیی ئیتاڵیا، جیانلویجی بوفۆن پشتیوانی خۆی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە راگەیاند و دەستەوانەکانی بۆ دەمیرال نارد.
 
مەریح دەمیرال گوتی "باشترین شت لە مێژوودا پشتگیرییەکەی بوفۆنە، کە بە پێشکێشکردنی دەستەوانەکانی، کە واژۆی لەسەر کردووە، پشتیوانی لە قوربانیان دەکات، دەستکێشەکانی ئەفسانە دەخەینە زیادکردنەوە".
 
یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە درێسێکی لە یانەی یوڤێنتوس ناردووە و دەمیرال بە پارەیەکی باش فرۆشتیەتی.
 
دەمیرال رایگەیاند کە سەرجەم داهاتی درێسی رۆناڵدۆ دەنێردرێت بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.
 
دواتر هاوڕێیەکی دیکەیشی، کە لیۆناردۆ بونۆچییە، بەشداری لە پرۆژەکەدا کرد. مێریح ئاماژەی بەوەشکرد، قسەی لەگەڵ بەرگریکارە ئیتاڵییەکە کردووە، ئەویش لەگەڵ تورکیادایە و درێسی یوڤێنتوسی واژۆکراوی بەخشیوە.
 
دیبالا یەکێکی دیکەیە لە بەخشەران، کە بە قسەی دیمیرال یاریزانەکەی یانەی رۆما بە ناوی گەلی ئەرجەنتینەوە خەم و پەژارەی خۆی پێڕاگەیاندووە
 
ئانتوان گریزمانیش، سووربوو لەسەر ئەوەی بەشداری لە خەمەکانی گەلی تورکیادا بکات و درێسەکەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بەخشییە پڕۆژەکەی دەمیرال.
 
ئەلڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، هاری کەین، ئەستێرەی ئینگلیزی یانەی تۆتێنهام و کولوسیڤسکی یاریزانی یانەی تۆتێنهام، ناویان لەنێو ئەو ناوانەدا بوو، کە درێسەکەیان بۆ یارمەتیدانی قوربانیان بوومەلەرزەکە بەخشیوە.
 
ئیلکای گوندۆغان و ئێمری جان، یاریزانانی تۆپی پێی ئەڵمانیا، کە لەدایکبووی تورکیان،  پەیوەندییان بە ئێرلینگ هالاندەوە کردووە و ئەستێرە نەرویجییەکە، درێسی واژۆکراوی بەخشییە مەریح دەمیرال بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە. 
 
هەردوو ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، کیلیان ئێمباپێ و نەیماریش هەمان کاریان کردووە و هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیان دەربڕیوە.