بۆچی بارسێلۆنا نازناوی لالیگا دەباتەوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بە بارودۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت و رۆژی لە دوای رۆژ لە رووی ئاستەوە تیپەکە باشترە، یانەکە ئێستا پێشەنگی لالیگایە و بەشێوەیەکی کاتی 11 خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە کە یانەی ریال مەدریدە، هەرچەندە چاڤی پێیوایە هێشتا زۆری ماوە خولەکە یەکلاببێتەوە، بەڵام چەند هۆکارێک کەتەلۆنییەکان زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیکدەکەنەوە، کە لێرەدا دەمەوێت روونیانبکەمەوە.
 
یەکەم؛ بەهێزی و کاردانەوەکانی تێر شتیگێن، گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەی بارسێلۆنا جیاواز لە هەموو وەرزەکانی رابردووی لەگەڵ یانەکە، لەم وەرزەدا بە ئاستێکی جیاواز و سەرسوڕهێنەرەوە دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشی کە کەمتر لە جاران تۆپی بۆ دەچێت، بەڵام لە هێرشە مەترسیدارەکاندا کاردانەوەی زۆرباش و گونجاوە و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هێرشبەر بکات، ئەمە ورەیەکی دیکەی داوەتە هێڵی بەرگری یانەکە بە تایبەتی و تیپەکەش بە گشتی، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو هەموو کلین شیتەیە کە بارسێلۆنا لەم وەرزەدا تۆماریکردووە، کە لە 21 یارییدا 16 یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە و زیاتر لە 1450 خولەک هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
 
دووەم؛ بەهێزی هێڵی بەرگری، هێڵی بەرگریی یانەی بارسێلۆنا، لە دوای نەمانی کارلێس پویۆل، ئێریک ئەبیدال و دانی ئەلڤێشەوە، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە و ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە، سەرجەم یاریزانە سەرەکییەکانی هێڵی بەرگریی یانەکە جگە لە خۆردی ئەلبا یاریزانی لاون و خاوەنی توانایەکی جەستەیی بەهێزن، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەنێواندا هەیە، ئاستی ئاندریاس کریستێنسن یاری بە یاری بەرزترە و باشترین گرێبەستی یانەکەیە تاوەکو ئێستا، رۆناڵد ئاراوخۆ یاری دوای یاری توانای زیاترە و کەسایەتیشی بەهێزترە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یارییکردنی ژۆل کۆندێیە وەک یاریزانی باڵ، کە هەرچەندیش شوێنی یارییکردنی ئەو نییە، بەڵام بەباشترین ئاستەوە دەردەکەوێت و خۆی بەتەواوی لەگەڵ یانەکە گونجاندووە، ئەوەی دەمێنێتەوە باڵی چەپی بەرگری یانەکەیە، کە خۆردی ئەلبا بەم تەمەنەی ئێستاوە ناچارە ئاستێکی بەرزتر پێشکێشبکات و زیاتر خۆی ماندوو بکات، بەتایبەت کە دەزانێت یاریزانێکی لاوی وەک ئەلیخاندرۆ بالدێ لەسەر کورسیی یەدەگە و ئێستا متمانەی تەواوی چاڤیی هەیە و هەر خولەکێک ئامادەیە بۆ یارییکردن.
 
سێیەم؛ هێڵێکی ناوەڕاستی لاو، گاڤی و پێدری و دییۆنگ، ئەو سێ یاریزانە لاوەی باشترین ئاستی خۆیان پێشکێشدەکەن، هەرچەند ئەم دوایینیان هەندێکجار بەهۆی یارییکردنی سێرخیۆ بوسکێسەوە وەک یەدەگ یارییدەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەو ئاستەی لەم وەرزەدا پێشکێشیکردووە، بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکەی لەو بیرکردنەوەیە پەشیمانکردەوە کە دەیانویست دەستبەرداری ببن، دوو یاریزانە ئیسپانییەکەی دیکەش هەم لاون، هەم ویستی بردنەوەی یارییەکان و بەدەستهێنانی نازناویان تێدا زاڵە، لە رووی گواستنەوەی تۆپ، بڕینی یاریزان هەردوو یاریزانەکە زۆرباشن، پێدری جیاواز لە ساڵی رابردوو توانای گۆڵکردنیشی بەرزکردووەتەوە و هەردوو یاریزانەکەش لە زۆرینەی کاتەکاندا رۆڵی گەورەیان لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکاندا هەیە.
 
چوارەم؛ لیڤاندۆڤسکی هێرشبەرێکی مەترسیدار و گۆڵکارە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و هەمیشە دەتوانێت لە یارییدا جیاوازی دروستبکات، بەڵام لە چاو هێڵەکانی دیکەی تیپەکە هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا بەو شێوەیە ئارام نییە، بەتایبەت کە عوسمان دێمبێلی تووشی پێکاندەبێت، بۆشاییەکی زۆر لە تیپەکەدا هەستی پێدەکرێت، لەکاتێکدا رافینیا هەندێک یاری زۆرباشە و هەندێکی خراپ، فاتی لەسەر کورسی یەدەگە و متمانەی پێنەدراوە و فێران تۆرێسیش هێشتا نەیتوانیوە هیچ شتێک بۆ یانەکە بکات، بۆیە بارسا پێویستی بە رێکخستنەوەی زیاتر هەیە لەو هێڵەدا.
 
پێنجەم؛ بوێریی چاڤی و توانای بەڕێوەبردن، چاڤی سوودی زۆری لە هەڵەکانی پێشووی وەرگرتووە، لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە متمانەی زۆری پێدراوە و ئێستا زیاتر هەست بە بەرپرسیارەتی دەکات و متمانەیەکی زیاتری بەخۆی هەیە، راهێنەرەکە جیاوازتر لە جاران خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ تیپە رکابەرەکانی دەکات و ئەمەش هاوکارییەکی زۆری دەکات بۆ ئەوەی لە بەرێوەبردنی یارییەکاندا سەرکەوتوو بێت.
 
ئەمانە هەموو خاڵی ئەرێنی و بەهێزن کە وادەکات بارسێلۆنا بەربژێری سەرەکی بردنەوەی لالیگا بێت، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیربچێت، بلاوگرانا لە یۆرۆپالیگدا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یارییدەکات، کە هاوشێوەی کەتەلۆنییەکان لە باشترین کاتەکانیدایە، رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی پرێمەرلیگ دەکات، لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپە و چاوی لە بردنەوەی یۆرۆپالیگیشە، بۆیە دەکرێت وەک چۆن بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا متمانەی زیاتری دا بە تیپەکە، کرانە دەرەوەش لە یۆرۆپالیگدا متمانە لە تیپەکەدا بکوژێت.