جەوییە لە نەورۆزی بردەوە و دهۆک دوو خاڵی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی 18ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی جەوییە سەرکەوتنێکی گرنگی لە یاریگای خۆی بەدەستهێنا و لە یانەی نەورۆزی میوانی بردەوە، لە یارییەکی دیکەشدا یانەی دهۆک لە نێو یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی موسڵ تووشی یەکسانبوون بوو.
لە یاریگای شەعب لە بەغدا، یانەی جەوییە میوانداری یانەی نەورۆزی کرد، لە نیوەی یەکەم نەورۆز باشتر بینرا و لە خولەکی 45ـی نیوەی یەکەمدا نێتۆ ئاکارا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەورۆز تۆمار کرد، ئەو گێمە بە سوودی یانە کوردستانییەکە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا یاریزانانی جەوییە بە پلانێکی هێرشبەرانە گەڕایەوە نێو یاریگا، توانییان ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵبگێڕنەوە. لە خولەکی 57 عیسام سوبحی گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد. دوای شەش خولەک و لە خولەکی 63 عید رەشیدی گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ یانە جەوییە تۆمارکرد، بەمەش هەڵۆکانی بەغدا سێ خاڵی گرنگی خستە سەر خاڵەکانی.
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی دهۆک لەنێو هاندەرانی خۆی میوانداری یانەی موسڵی کرد. هەر لە سەرەتادا یاریگە پڕبوو لە هاندەر و گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقیش لە یارییەکە بۆ سەیرکردنی یاریزانان لە یاریگەی دهۆک بوو، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە تۆڕی گۆڵ، بەڵام دیوارە بەرگرییەکانی هەردوو تیپ رێگەیان نەدا هیچ گۆڵێک تۆمار بکرێت.
یارییەکە چەندین گۆڕانکاری و کارتێکی زەردی بەخۆیەوە بینی، دهۆک چەند هەلێکی لەلایەن یاریزانان پیتەر گۆرگیس و یوسف بن سۆدە بۆ رەخسا، بەڵام بەخت یاوەریان نەبوو، لە ئەنجامدا هیچ کام لە یانەکان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن و یارییەکە بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، بەمەش هەر یانەیەک خاڵێکی وەرگرت.
ئەم ئەنجامانە ململانێی ریزبەندی خولەکە گەرمتر دەکەن، بەتایبەت بۆ یانەی جەوییە کە رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دەکات.