ناوبژیوانێکی پێشووی لالیگا: پێرێز داوای شتێکی سەیری لێکردم
رووداو دیجیتاڵ
ئیتۆراڵدێ گۆنزالێس، ناوبژیوانی بەنێوبانگی ئیسپانی کە ئێستا وازی لە کاری ناوبژیوانێتیی هێناوە، بە لێدوانە سەیر و سەمەرەکانی دژی یانەی ریال مەدرید هەموو میدیای ئیسپانیا بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
دوابەدوای تۆمەتبارکردنی یانەی بارسێلۆنا بە گەندەڵی، ناپاکیکردن لە ئەمانەت و دۆسیەی بەرتیلدان بەناوبژیوان هەروەها گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەک کە سەرۆکی پێشووی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا خاوەندارێتیی دەکات، یانەی ریال مەدرید بەفەرمی هاوشانی یانەکانی دیکەی لالیگا خۆی بە قوربانی دەزانێت و ئەمەش کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
ئیتۆراڵدێ گۆنزالێس، ئەو ناوبژیوانە باسکییەی کە بە دووژمنی ریال مەدرید ناوی دەرکردووە و زۆرترین لێدوانی لە دژی یانەی شاهانە دەربڕیوە، لە دوایین لێدوانیدا جارێكی دیکە هێرش دەکاتەوە سەر یانەی ریال مەدرید.
هەفتەی رابردوو ریال مەدرید ڤیدیۆی ناوبژیوان کلۆس گۆمێزی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەندین هەڵە دژی ئەو یانەیە هەژمار ناکات یانیش فیکەی گوماناوی لە دژی یانەی ریال مەدرید لێداوە، دوای ئەم ڤیدیۆیە ئیتۆراڵدێ گۆنزالێس بەتووندی هێرشی کردەسەر یانەی ریال مەدرید و دەڵێت: ئەمە کارێكی زۆر ناشرینە کە یانەیەک خۆی بە باشترین یانەی جیهان بزانێت و ئەو کارە بکات، لە کاتێکدا ئەو ناوبژیوانە نزیکەی 1000 یان 2000 فاوڵی بۆ ریال مەدرید و دژی ریال مەدرید هەژمارکردووە، کەچی تۆ بێیت تەنیا ئەو گرتانە دابنێی کە هەڵە بەرامبەر بە یانەکەت کراوە ئەمە شتێکی قێزەونە، گلۆس گۆمێز ناوبژیوانێکی زۆر پاکە.
کلۆس گۆمێز ناوبژیوانێکی کەتەلۆنییە، میدیای مەدرید دەڵێن: لەگەڵ ئەودا بارسێلۆنا 35 یاریکردووە کە 34 یارییانی بردووەتەوە و تەنیا یەک یاری براوە نەبووە ئەویش یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا بووە بەرامبەر بە ریال بێتیس کە بارسا لە یاریی چووندا 5-0 براوەبووە و پێویستی بەو یارییە نەبووە بیباتەوە، بە پێکهاتەی دووەم یاری کردووە.
دوای ئەم قسانەی ئیتۆراڵدێ، یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو ڤیدیۆیەکی چوار خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەڵەکانی ئەو ناوبژیوانە دەردەخات دژی یانەی ریال مەدرید، ئەمەش جارێكی دیکە ناوبژیوانەکەی پێشووی لالیگای تووڕەکرد و بڕیاریدا نهێنییەک ئاشکرابکات.
ئیتۆرالدێ لە لێدوانێکی دیکەدا کە درەنگانێکی شەوی رابردوو بۆ یەکێک لە رادیۆکانی ئیسپانیای دا، گوتی: بەڕاستی ریال مەدرید کاری ناشرین دەکەن، من ئەم چیرۆکەتان بۆ باس دەکەم کە بەسەر خۆمدا هاتووە، بەدیاریکراوی یاریی نێوان ریال مەدرید و دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیام بەڕێوەدەبرد، لە نێوان گێمەکان یەکێک منی گرت و بردمییە لایەکەوە و پێی گوتم "وەک چۆن فیکە بۆ بارسێلۆنا لێدەدەی، ئاواش فیکە بۆ ئێمە لێبدە" منیش پێمگوت "تۆ گاڵتە دەکەیت یان بەراستیتە؟" دەزانن ئەو کەسە کێ بوو، ئەو فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بوو کە ئەو داوایەی لێکردم.
ئێدواردۆ ئیتۆرالدێ گۆنزالێس، تەمەنی 56 ساڵە، خەڵکی هەرێمی باسکە و لە ساڵانی نێوان 1995 تاوەکو 2012 لە خولی ئیسپانیا ناوبژیوانێتی کردووە و لە 1998 تا 2012 لە لیستی ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکانی فیفادا بووە، بە دژە مەدریدییەکی تۆخ ناسراوە و پێشتریش رایگەیاندبوو کە هاندەری یانەی بارسێلۆنایە.