زیدان بڕیاری خۆی له‌باره‌ی ناڤاس و كۆرتوا ده‌دات
رووداو ـ هه‌ولێر
زه‌ینه‌دین زیدان، راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی، به‌رده‌وامه له كاركردن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی یانه‌ی شاهانه و یه‌كێك له كاره‌كانی په‌یوه‌سته به هه‌ردوو گۆڵپارێزی یانه‌كه‌ی.
رادیۆی كادینا سیری ئیسپانی، ئاشكرایكرد زیدان بڕیاری خۆی له‌باره‌ی هه‌ردوو گۆڵپارێزه‌كه‌ی، كایلۆر ناڤاسی كۆستاریكی و تیبۆ كۆرتوای به‌لجیكی داوه و ده‌یه‌وێ هه‌ردووكیان له یانه‌كه بمێننه‌وه و ململانێ له‌سه‌ر شوێنی سه‌ره‌كی له پێكهاته‌ی ریال مه‌دریددا بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و رادیۆیه، ناڤاس بڕیاریدابوو له ریال مه‌درید بڕوات، به‌ڵام زیدان كه زۆر متمانه‌ی به تواناكانی هه‌یه، توانیویه‌تی رازی بكات به مانه‌وه له یانه‌كه و ده‌ڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید، زیدانی سه‌رپشككردووه له‌وه‌ی كام یاریزان ده‌هێڵێته‌وه یان ده‌فرۆشێت".
هه‌ر به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه زیدان پێرێزی به‌وه رازی كردووه كه گرێبه‌سته‌كه‌ی ناڤاس بۆ ماوه‌ی ساڵێك یان دوو ساڵی دیكه نوێ بكاته‌وه، به‌تایبه‌تیش كه مووچه‌ی ناڤاس له چاو مووچه‌ی كۆرتوا زۆر كه‌مه.