درۆگبا هاوکارییەکی گەورەی تووشبووانی کۆرۆنا دەکات
رووداو - هەولێر
دیدێ درۆگبا، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار و کیشوەری ئەفریقا، بە پێشکێشکردنی نەخۆشخانەیەک هاوکاری وڵاتەکەی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
گۆڵکاری پێشووی یانەی چێڵسی دەیەوێت بەو رێگەیە سەرنجڕاکێش و گەورەیە هاوکاری وڵاتەکەی بکات و نەخۆشخانەیەکی خێرخوازیی پێشکێشی بەرپرسانی ئەبیدجانی پایتەختی وڵاتەکە کردووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بێبەرامبەر چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئافریک فۆت، درۆگبا لەگەڵ پارێزگاری ئەبیدجان پێکەوە لە نێو نەخۆشخانەکەدا گەڕاون کە دەکەوێتەوە ناوچەی ئاتیکۆپی، بۆ ئەوەی کارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بەسەربکەنەوە، نەخۆشخانەکەش لەلایەن دامەزراوەی لوران بوکۆی خێرخوازییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەمە جاری یەکەم نییە درۆگبا هاوکاری پیشکێشی وڵاتەکەی دەکات لە بارودۆخی لەم شێوەیەدا، پێشتر بڕێکی زۆر پارەی بۆ بەرپرسانی وڵاتەکەی نارد بۆ ئەوەی بەسەر قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابەشبکەن و هاوکارییەکی پێشکێشی 5 هەزار خانەوادەی وڵاتەکەی کرد.
درۆگبا یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی کیشوەری ئەفریقایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر بە تووندی وەڵامی پزیشکانی فەرەنسای دایەوە کە گوتبوویان پێویستە ڤاکسینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئەفریقییەکان تاقیبکەنەوە.