پێش یارییەکەی بەرامبەر فرانکفۆرت هەواڵێکی ناخۆش بۆ بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت بە لێشاو دەچنە بارسێلۆنا، بۆ ئەوەی پاڵپشتی یانەکەیان بکەن بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ.
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ، رۆژی پێنجشەممە لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی لە یاریگەی کامپ نو بەڕێوەدەچێت، هەزاران هاندەری فرانکفۆرت ئامادەن بۆ ئەوەی بۆ پاڵپشتی یانەکەیان بچنە یاریگە و هاوکاریی یانەکەیان بکەن بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت " بۆ یارییەکە چاوەڕواندەکرێت 25 بۆ 30 هەزار هاندەر لە ئەڵمانیاوە بچنە بارسێلۆنا، گەشتە راستەوخۆکانی نێوان بارسێلۆنا و فرانکفۆرت هەمووی پڕبوون، لەبەر ئەوەی هاندەرانی یانەکە هەر زوو بلیتەکانیان بڕیوە و دەیانەوێت لە یاریگەی بارسێلۆنا ئامادەبن."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت لەلێدوانێکدا رایگەیاند " ئێمە دەچینە بارسێلۆنا و لەنێویان دەبەین."
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە ئیسپانی و ئەڵمانییەکە لە یاریگەی ئینتراخت فرانکفۆرت بەیەکسانبوون بە 1-1 کۆتاییهاتووە، کامیان یارییەکە بباتەوە دەگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
بارسێلۆنا بەر لەم یارییە بە زەحمەت لە لالیگادا لە لێڤانتی بردووەتەوە و ئینتراختیش لە بوندێسلیگادا لە یاریگەی خۆیدا بە یانەی فرایبۆرگ دۆڕاوە.