ژمارە پەرجووییەکانی لامین یامال پاش 100 یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، کۆی 100 یاریی بەدرێسی یانەی بارسێلۆناوە ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا چەندین ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی یانەکەدا تۆمارکرد، ئەگەرچی پێشتر ئەفسانەیەکی وەک مێسی لە یانەکە یاریی کردووە.
لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل کە بەسەرکەوتنی بارسا 4 - 1 گۆڵ کۆتایی هات، لامین یاریی ژمارە 100ی خۆی لەگەڵ یانەکە ئەنجامدا. بەسەرکەوتنەکەی بارسا، جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید نزیکترین رکابەری بۆ 9 خال بەرزکردەوە، لە کاتێکدا لالیگا تەنیا حەوت گەڕی ماوە.
لامین گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو ئەسیستی هەبوو، بەشێوازێکی تایبەت ئاهەنگی بۆ سەدەمین یاریی خۆی لەگەڵ یانەکە گێڕا.
سەرەتای کاروانی دەرکەوتنی بەهرەمەندە ئیسپانییەکە لە یانەکەی لە 29ی چواری 2023 بوو، کاتێک یەکەم یاریی فەرمیی خۆی بەرامبەر ریال بێتیس ئەنجامدا کە بارسا 4 - 0 براوەبوو. ئەوکات لامین تەمەنی 15 ساڵ و 290 رۆژ بوو و جاڤی هێرناندێز ئەو راهێنەرەبوو، هەلی دەرکەوتنی بەو یاریزانەدا.
هێشتا سێ ساڵی تەواو بەسەر دەرکەوتنی لامیندا تێنەپەڕیوە. بەڵام ئەو گەیشتووەتە 100 یاریی لەگەڵ یانەکەی، بەوەش بووە بچووکترین یاریزان بگاتە ئەو دەستکەوتە لە مێژووی یانەکەدا.
وێڕای دەرکەوتنەکەی لە یارییەکەی بێتیس، بەڵام دەرکەوتنی راستەقینەی لامین لەسەرەتای وەرزی 2023 - 2024ەوە دەستیپێکرد و بووە یاریزانی سەرەکیی پێکهاتەی بارسا لە یارییەکاندا.
بەدرێژایی ماوەی نێوان یەکەم تاوەکو دوایین دەرکەوتنی بەرامبەر بێتیس، لامین لە تەنیا 8 یاریدا لە خولی ئیسپانیا بەشداریی نەکردووە. لە تەنیا یەک یاریشدا لەسەر کورسیی یەدەگ بووە و هیچ بەشداریی نەکردووە.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی دەڵێ، لامین لەمیانی ئەو سەد یارییەدا کە ئەنجامیداون، لە رۆڵێکی لاوەکییەوە لە وەرزی 2022 - 2023 دۆخی خۆی گۆڕیوە بۆ پێکهێنەری سەرەکیی ئەو پێکهاتەیەی نازناوەکانی 2024 - 2025یان لەگەڵ هانزی فلیک بەدەستهێنا.
ئەو یەکێکبوو لە کاریگەرترین یاریزانەکانی بەدەستهێنانی سیانەی وەرزی رابردوو لە جامی سوپەر، لالیگا و جامی شای ئیسپانیا.
لامین ژمارەی ناوازەی لە لالیگادا تۆمارکردووە. ئەو خاوەنی 29 گۆڵ و 34 ئەسیستە. یەکەم گۆڵی لە هەشتی مانگی دەی ساڵی 2023 بەدرێسی بارسێلۆناوە تۆمارکرد بەرامبەر گرانادا.
لامین هەروەها لە یاریگەی مۆنتوجویک لە بەرامبەر جیرۆنا دووانەیەکی تۆمارکرد و لە هەمان وەرزدا، یەکەم هاتریکی خۆی بەدرێسی بارساوە لە بەرامبەر ڤیاڕیال تۆمارکرد لەو یارییەدا کە تیپەکە 4 - 1 گۆڵ بردییەوە.
لە وەرزی ئەمساڵدا، لامین 15 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەوەش نیوەی کۆی گۆڵەکانیەتی لەلالیگا لەوکاتەوەی لەگەڵ بارسا دەرکەوتووە. ئەو هەروەها خاوەنی 11 ئەسیستە.
لامین لەگەڵ بارسێلۆنا نزیکە لە مسۆگەرکردنی دووەم نازناوی لالیگای لەسەریەک، لە کاتێکدا لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، لە یاریی گەڕانەوەدا ئەرکی ریمۆنتادای بارسای بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکەوێتە سەرشان، پاشئەوەی تیپەکەی لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا.