ڤینیسیۆس و ئێمباپێ؛ هاوکێشە ئاڵۆزەکەی ئەربێلوا لە ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە نەبوونی کیلیان ئێمباپێ گەیشتووەتە لووتکە و بە گەڕانەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکەش هاوسەنگیی ریال مەدرید تێکچووە، ئامارەکانیش دەریدەخەن بوونی ئێمباپێ لەناو یاریگەدا خزمەت بەشێوازی یارییکردنی هاوڕێ بەرازیلییەکەی ناکات.
ئاستی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، لە دوای تووشبوونی بە پێکان لە ئەژنۆیدا لە سەرەتای مانگی 12ـی رابردوو، پاشەکشەی کردووە. لەکاتێکدا کیلیان پێکانی هەبوو، ڤینیسیۆس جۆنیۆر جڵەوی هێرشبەریی یانەکەی گرتەدەست و متمانەی بۆ پێکهاتەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا گەڕاندەوە.
ریال مەدرید لەو ماوەیەدا باشترین ئاستی ئەم وەرزەی پێشکێش کرد، توانی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە و لە ململانێی نازناوی لالیگاشدا بەرامبەر بارسێلۆنا بمێنێتەوە. ئێمباپێ بەهۆی کاریگەریی پێکانەکەیەوە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە 7 یاریی لەدەستدا، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڤینیسیۆس رەخساند ببێتە گۆڵکاری یەکەمی یانەکە.
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، ڤینیسیۆس لە کاتی دوورکەوتنەوەی ئێمباپی لە یاریگاکان جارێکی دیکە ئاستە بەرزەکەی دۆزیوەتەوە و هەست بە گرنگیی خۆی دەکات. ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە بە پاڵپشتیی تەواوی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەکە، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە 12 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش 2 گۆڵ زیاترە لە گۆڵەکانی ئێمباپێ، سەرەڕای ئەوەی 770 خولەک زیاتر یاریی کردووە.
گەڕانەوەی ئێمباپێ بۆ ناو یاریگە نەبووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکە یان ڤینیسیۆس، تەنانەت کاریگەریی جود بێلینگهامیش نادیارە، چونکە ئاردا گولەر لە هەمان رۆڵدا ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکێش دەکات. چاودێران دەپرسن ئایا رۆڵی ئێمباپێ هاوسەنگیی تیپەکە تێکدەدات؟ میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن "پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ئێمباپێ بەهۆی ئارەزووە تاکەکەسییەکانی بۆ تۆمارکردنی گۆڵ و پشتگوێخستنی ئەرکە بەکۆمەڵەکان، هاوسەنگیی ریال مەدرید تێکدەدات؟".
ئێمباپێ دانی بەوەداناوە کەمتر لە هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرگری، ئەمەش زیان بەو سیستمە دەگەیێنێت کە ئەلڤارۆ ئەربێلوا پەیڕەوی دەکات. لە رووی تەکنیکییەوە، هەردوو یاریزانەکە لەناو یاریگەدا لێکتێگەیشتنیان نییە. ئێمباپێ زۆرجار هەمان ناوچەی ڤینیسیۆس داگیر دەکات و ناتوانێت بۆشایی بۆ دروست بکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستکردنی جەنجاڵی لەبەردەم یاریزانە بەرازیلییەکە.
ئامارەکان دەریدەخەن ڤینیسیۆس 5 هەلی راستەقینەی بۆ ئێمباپێ دروست کردووە، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە تاوەکو ئێستا هیچ پاسێکی هاوشێوەی بۆ هاوڕێکەی دروست نەکردووە.