چارەنووسی ئەربێلوا لە مەترسیدایە.. ریال مەدرید لەنێوان دوو راهێنەردا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز دەبێتەوە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن، کە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشت پاشەڕۆژی ئەم تیپە دیاریی دەکات، کە ئێستا مەترسی دەرچوونی لە وەرزەکە بە 'بێ نازناو' لەسەرە، هەروەها پاشەڕۆژی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەریش یەکلادەکاتەوە.
ئەم راهێنەرە، کە لە دوایین تاقیکردنەوەیدا بەرامبەر جیرۆنا بە یەکسانبوون 1-1 تووشی ئاستەنگ بوو، هێشتا مانەوەی لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی دەستەی هونەری یەکلانەکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە کاژێرەکانی رابردوودا ناوی ئەو بەربژێرانە کە بۆ شوێنگرتنەوەی پێشنیاز کراون رووی لە زیادبوونە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'دێفێنسا سێنتڕاڵ'، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە، بیر لە پڕۆژەیەکی درێژخایەن دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بونیاتنانی پێکهاتەیەکی تەواو نوێ بێت، ئەمەش لە ئەگەری شکستی کیشوەری لە بەرامبەر زەبەلاحە باڤارییەکەدا، دەستبەجێ گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا دێت. لەم چوارچێوەیەدا، ناوی یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی و دیدێ دیشامپی فەرەنسی وەک دیارترین بژاردەکان بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەردەکەون.
یۆرگن کڵۆپ
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە کڵۆپ کە لە دوای ماڵئاواییەکەی لە لیڤەرپوول لە ساڵی 2024ـەوە لە مەشق و راهێنان دوورکەوتووەتەوە، لەگەڵ دیشامپی فەرەنسی، لە دیارترین بەربژێرەکانن بۆ سەرکردایەتیکردنی گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە قەڵای سپیدا لە وەرزی 2026-2027ـەوە. لە کاتێکدا کڵۆپ ماوەیەکی زۆرە لەپێشەوەی لیستەکەیە، بەڵام دیشامپیش بەهێزەوە هاتووەتە نێو کێبڕکێیەکە.
راپۆرتەکانی رۆژنامەکانی مەدرید ئاماژەیان بەوە کردووە کە ریال مەدرید ئارەزووی گواستنەوەی دیشامپ دەکات، راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا دوای مۆندیالی هاوینی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، ناوەندە وەرزشییەکانی فەرەنسا چاوەڕێی گەڕانەوەی زینەدین زیدان دەکەن بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەیان، کە یەکێکە لە دیارترین سمبولەکانی سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید لە دەیەی رابردوودا وەک یاریزان و راهێنەر.
دوو قوتابخانەی جیاواز بۆ یەک ئامانج
فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە رێگەی بەراوردکردن و هەڵبژاردن لە نێوان کڵۆپ و دیشامپدا، هەوڵدەدات شێوازی هونەری بگۆڕێت و ناسنامەیەکی نوێ دیاریی بکات کە پتەوی و توانای رکابەری بە تیپەکە ببەخشێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو راهێنەرە نوێنەرایەتی دوو قوتابخانەی تۆپی پێی تەواو جیاواز دەکەن؛ تیپەکانی کڵۆپ، بەتایبەت لە هەردوو ئەزموونەکەیدا لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوول، بە گوشاری بەرز و کۆنترۆڵکردنی یارییەکە ناسراون، بەڵام دیشامپ بەپشتبەستن بەخێرایی لە نێو پێکهاتەیەکی بەرگری تۆکمەدا ناسراوە، ئەمەش هاوسەنگی و رێکخستن بە تیپەکەی دەبەخشێت.
راهێنەرە فەرەنسییەکە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەرکەوتنە، کاتی خۆی یوڤێنتوسی گەڕاندەوە بۆ خولی پلەیەکی ئیتاڵیا دوای قەیرانی دابەزینە بەناوبانگەکە، هەروەها ئۆڵۆمپیک مارسیلیای گەیاندە نازناوی خول و سێ نازناوی دیکەی نێوخۆیی، پێش ئەوەی لە ساڵی 2012ـدا پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت.
پڕۆژەکان لە دوو جەمسەری جیاواز
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆیشتنی ئەربێلوا، ئەگەر روو بدات، وا لە ریال مەدرید دەکات بەدوای تێکەڵەیەکی نوێدا بگەڕێت کە بتوانێت ورەی تیپەکە بەرز بکاتەوە و متمانە بگێڕێتەوە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی دوو نازناوی لەسەریەکی لالیگا بۆ بارسێلۆنای رکابەری، ئەگەری شکستی کیشوەری لە قۆناخی هەشت بۆ دوو ساڵی لەسەریەک.
هەروەها لە راپۆرتکە نووسراوە هەرچەندە کڵۆپ و دیشامپ هەردووکیان ئەنجامی بەهێز گەرەنتی دەکەن، بەڵام نوێنەرایەتی دوو فەلسەفەی دژبەیەک دەکەن، یەکەمیان مەیلی بۆ شێوازێکی هێرشبەرییە کە لەسەر بنەمای سەرکێشییەکی زۆر دامەزراوە، لە کاتێکدا دووەمیان پێی باشە یارییەکان بە هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی وردەکارییەکان بەڕێوە ببات، ئەمەش کارگێڕیی یانەکە دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی جیاواز بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو.