ئێمباپێ مەدریدییەکان دەترسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، یەکێک لە رووداوە ناخۆشەکان بیر یانەی ریال مەدرید دەهێنێتەوە و هاندەرانی ئەو یانەیە دەخاتە دڵەڕاوکێ.
هەینی رابردوو ئێمباپێ رۆیشتنی خۆی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە پاریس سانجێرمان راگەیاند، لە رێگەی ڤیدیۆ کلیپێکەوە کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە.
زۆر لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ بە بێبەرامبەر گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید دەکات. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە لە مانگی شوباتی رابردووەوە ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە.
بەپێی بەرنامەی ئێل چیرێنجیتۆی ئیسپانی، کیلیان ئێمباپێ زۆر حەزی لە گۆڵفە، هەروەها پرسیاری لەبارەی بوونی یاریگەی گۆڵف لە نزیک ماڵە نوێیەکەی لە لا مۆرالێخا کردووە.
هەواڵەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێمباپێ پێشتر یەکلایی بووەتەوە لەسەر کڕینی خانووی سێرخیۆ رامۆس، ئەفسانەی مێرێنگێ، لە ناوچەی لا مۆرالێخا. تەنانەت باس لە نرخیشی دەکەن و دەڵێن کۆشکەکەی بە 18 ملیۆن یۆرۆ کڕیوە.
گاریس بەیڵ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، بەهۆی خۆشەویستی بۆ گۆڵف بەنێوبانگ بوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەرانی مێرێنگێ، کە زۆرجار بەوە تۆماتبار دەکرا کە زیاتر لە تۆپی پێ گرنگی بە گۆڵف دەدات و ئەو کاتانەی ئاستێکی باشی پێشکێش نەدەکرد، هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە سەرقاڵی گۆڵفە و بایەخ بە تۆپی پێ نادات.
مەدریدییەکان ترسیان لەوە هەیە کیلیان ئێمباپێش وەک گاریس بەیڵ زێدەڕۆیی بکات لە بایەخدان بە گۆڵف و ئەوەش کاریگەری بەسەر ئاستی لە یاریکردنی تۆپی پێ هەبێت.