ئارسیناڵ داوای گۆڵکارەکەی ئەورووپا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ ئینگلیزی، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە و لە دوایین گەڕەکاندا پرێمەرلیگی لەدەستدا، دەیەوێت باشترین گۆڵکاری ئێستای خولەکانی ئەورووپا بباتە ریزەکانی.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵ بەهێزەوە کاردەکات، بۆ ئەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بباتە ریزەکانی، بەتایبەت کە یانەکە لە رووی هێرشبەرییەوە کێشەی هەیە و لە چەقدا هێرشبەرێکی یەکلاکەرەوە و گۆڵکاری نییە.
رۆژنامەی میرەری بەریتانی دەڵێت "یانە لەندەنییەکە ئامادەیە لە هەفتەیەکدا 200 هەزار پاوەند وەکو مووچەی هەفتانە بداتە یۆکێرێش، بەمەش یاریزانەکە دەبێتە یەکێک لەو یاریزانانەی کە لە مێژووی یانەی ئارسیناڵدا مووچەی بەرزی پێدەدرێت."
ڤیکتۆر یۆکێرێش، 38 گۆڵی لەم وەرزەی خولی پۆرتوگالدا تۆمارکردووە و لەسەر ئاستی خولەکانی ئەورووپا پێشەنگی گۆڵکارانە و رکابەری لەسەر بردنەوەی لاپچینی زێڕ بۆ باشترین گۆڵکاری ئەورووپا دەکات.
هێرشبەرە سوێدییەکە بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێشیدەکات، ئامانجی زۆر یانەی گەورەیە، لەوانەش مانچێستەر یونایتد و چێڵسی، کە ئەم دوو یانەیەش رکابەری یانەی ئارسیناڵ دەکەن بۆ گواستنەوەی.
ڤیکتۆر یۆکێرێش تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستی ئێستای لەگەڵ سپۆرتینگ لە 2028 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.