یەکەم لێدوانی ئەنچێلۆتی دوای ئەوەی بووە راهێنەری بەرازیل

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدرید و داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیل باس لە کارکردنی وەکو راهێنەری ریال مەدرید و رازیبوونی بە گرێبەستی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات.
 
ئەنچێلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی ریال مەدرید و ریال مایۆرکا، کە شەوی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "یارییەکانی کۆتایی بەردەوام رکابەرییان تێدایە، ئێمە زۆر یاریزانمان یاری ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بردنەوەی سێ یاریی داهاتوو دەدەین و وەکو تیپێکی رکابەر یاری دەکەین."
 
ئەنچێلۆتی دەڵێت "تاوەکو ئێستا من راهێنەری ریال مەدریدم، دەمەوێت ئەو بەشەی لەم سەرکێشییەی ماومە بەشێوەیەکی زۆرباش تەواو بکەم. دەبێت بیر لەو رۆژانە بکەمەوە کە لێرە بەسەرمبردووە، بەهۆی ئەو رێزەی بۆ ئەم یانەیە و هاندەرانی هەمە، سەرنجم لەسەر ئەوەیە ئەم قۆناخەی کاروانەکەم بەشێوەیەکی نایاب تەواوبکەم."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی تاوەکو ئێستا نەڕۆیشتووە؟ کارلۆ گوتی "چونکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل راگەیێنراوی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لە دوای 26ـی 5ـەوە دەبمە راهێنەر."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "پێموایە لە رۆژی 26ی مانگدا دەبمە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل. بێگومان ئاڵنگارییەکی زۆر گرنگ دەبێت، بەڵام تاوەکو ئەو رۆژە، من هەر راهێنەری ریال مەدریدم. دەمەوێت ئەم سەرکێشییە ناوازەیە بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنم. دەزانم ئێوە حەزدەکەن بزانن کە من لەوێ چۆن کاردەکەم و چۆن دەبم لەگەڵیاندا، بەڵام بۆ من، ئێستا دەبێ چاوم لەسەر ئەوکاتەم بێت کە لێرە ماومە، لەبەرئەوەی چەند رۆژێکم ماوە لەگەڵ ریال مەدرید، هەروەها بەهۆی ئەو رێزە زۆرەوە کە بۆ یانەکە و هاندەران و یاریزانەکانی هەمە، من لە چەند هەفتەی رابردووشمدا، هەموو بیر و هۆشم لای ئەم سەرکێشییە ناوازەیە بوو.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە دوای کۆتاییهاتنی کاروانی کارکردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، دەچێتە بەرازیل بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی واژۆ بکات و بەفەرمی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
وردەکارییەکانی گرێبەستی ئەنچێلۆتی لەگەڵ بەرازیل
 
- مووچەی راهێنەرەکە 4 ملیۆن یۆرۆیە، لە ئەگەری بردنەوەی مۆندیالدا 1 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت وەردەگرێت.
- ئەنچێلۆتی، پەیوەندیی بە نەیمارەوە کردووە، پێیگوتووە، بۆ مۆندیال پێویستی زۆرم پێت دەبێت و تۆ بۆ من گرنگیت لەو پاڵەوانێتییەدا.
- پەیوەندیی بە کاسێمیرۆوە کردووە و داوایلێکردووە بگەڕێتەوە بۆ نێو ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
- فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل خەرجییەکانی شوێنی مانەوەی ئەنچێلۆتی لە بەرازیل دابین دەکات.
- هەر کاتێک ئەنچێلۆتی، بیەوێت بگەڕێتەوە ئەورووپا، فڕۆکەی تایبەتی بۆ دابین دەکرێت.
- یەکەم یاریی بەرازیل لەژێر سەرپەرشتی ئەنچێلۆتی لە 6-6 دەبێت، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و بەرامبەر ئیکوادۆر یاری دەکات، پاشان دوای پێنج رۆژ بەرامبەر پاراگوای یاری دەکەن
 
داڤیدی ئەنچێلۆتیی کوڕی لەگەڵ باوکی نابێت، یانەی گلاسکۆ رێنجەرز پەیوەندیی پێیەوە کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوان کاربکات.