دوو یانەی گەورەی پرێمەرلیگ، رکابەری لەسەر ئەستێرەیەکی ریال دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یانەی گەورەی پرێمەرلیگ، چاودێری دۆخی ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید دەکەن و دەیانەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
 
رۆدریگۆ، هێرشبەری بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید لە دۆخی خۆی لەگەڵ یانەکە رازی نییە و بیر لە بەجێهێشتنی یانەی شاهانە دەکاتەوە، هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵیش گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدەن و رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، رۆدریگۆ دەیەوێت لە ریال مەدرید بڕوات، یانە ئیسپانییەکەش ئامادەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو و باشی پێشکشبکرێت، بەتایبەت کە کارگێڕیی ریال مەدرید دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات و بە پارەی فرۆشتنی یاریزانەکەش کار بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەکات.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "یانەی ئارسیناڵ زۆرترین گرنگی بە رۆدریگۆ دەدات و لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەو یاریزانە دەکات، سەرەڕای ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی فەرمی رووینەداوە و بابەتەکە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە." ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر میدیای بەریتانیا بڵاویکربووەوە، کە یانە ئینگلیزییەکە پرسیاری ئەو یاریزانەی کردووە و ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی راگەیاندووە.
 
جگە لە ئارسیناڵ، یانەی مانچێستەر سیتی بەهەمان شێوە گرنگی بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات و پێپ گواردیۆلا پێی سەرسامە.
 
رۆدریگۆ، تەمەنی 24 ساڵە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە 2028 کۆتاییدێت، نرخی ئێستای یاریزانەکە دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "رۆدریگۆ نایەوێت چیدیکە بۆ ریال مەدرید یاری بکات و بەلایەوە گرنگ نییە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات یان نا."
 
ئەمڕۆ لە دوایین مەشقەکانی یانەی شاهانەدا بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ریال مایۆرکا، رۆدریگۆ مەشقە بە کۆمەڵەکانی بەجێهێشت و تووشی پێکانبوو، بەو هۆیەشەوە ئەم وەرزە بۆ یاریزانەکە کۆتاییهات و لە دوایین سێ گەڕی لالیگادا یاریزانەکە بەشداری لە یارییەکاندا ناکات.