چابی ئەلۆنسۆ بە 170 ملیۆن یۆرۆ، پێکهاتەی ریال مەدرید زیندوو دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید دەستبەکاردەبێت و شۆکهێنەر وەک میدیاکان باسیدەکەن ئەوەیە کە ئەو راهێنەرە، بودجەیەکی دیاریکراوی لەبەردەست دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی تیپەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی دەیەوێت.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەو بڕە پارەیەی کارگێڕیی ریال مەدرید بۆ رێکخستنەوەی تیپەکە و گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی نوێ تەرخانیکردووە، 160 ملیۆن یۆرۆیە، کە پارەیەکی زۆر کەمە، بەڵام چابی دەتوانێت ویستەکانی خۆی پێ جێبەجێ بکات.
 
ریال مەدرید کەموکورتی زۆری لە پێکهاتەکەیدا هەیە و چەندین شوێنی هەیە کە پێویستی بەهێنانی یاریزانی نوێ هەیە، ئەو پێویستییانەش پێناچێ بە تەنیا 160 ملیۆن یۆرۆ پڕ ببنەوە.
 
چابی ئەلۆنسۆ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید، داوایکردووە چوار یاریزانی بۆ بهێنرێت کە بریتین لە بەرگریکەرێکی دڵ، بەرگریکەرێکی چەپ، یاریزانێکی چەق و هێرشبەرێکی سەرەڕم.
 
دابەشکردنی 160 ملیۆن یۆرۆ بەسەر چوار گرێبەستی گەورەدا، مانای ئەوەیە بۆ هەر یاریزانێکی داواکراو، ئەو راهێنەرە تەنیا 40 ملیۆنی لەبەردەست دەبێت، هەربۆیە چابی بیر لە ئەنجامدانی هەندێک سەرکێشی دەکاتەوە، لەپێناو هێنانی ئەو یاریزانانەی خۆی داوایاندەکات، بەڵام لە سنووری هەمان پارەدا.
 
پڕکردنەوەی بۆشاییەکان
 
ریال مەدرید لە چەندین شوێنی جیاوازی یاریگەدا، پێکهاتەکەی کەموکورتیی زۆرە، یان کێشەی جیاوازی هەیە، لە هەندێک شوێندا یاریزانەکانی بەتەمەنداچوون و توانای جارانیان نەماوە، هەروەها هەندێک یاریزانی زۆر تووشی پێکان دەبن و ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت.
 
ریال مەدرید پێشبینیکراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەراگەیاندنی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، کێشەی باڵی راستی بەرگری تیپەکەی تارادەیەکی زۆر چارەسەر بکات.
 
چابی بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی لە بازاڕی گواستنەوەدا، دەبێ پەنا بۆ هەندێک رێگەی جیاواز ببات، لە نێویاندا یاریزانانی جۆکەر کە جۆناسان تا کە یاریزانی خۆی بووە لە بایرلیڤەرکوزن، دەتوانێت زۆر کێشەی بۆ چارەسەر بکات.
 
تا دەتوانێت دڵی بەرگری بێت، هەروەها لاباڵی راست و تەنانەت چەقیش.
 
بەپێی داتاکانی یارییکردنی، ئەو یاریزانە تەنیا 8 یاریی لە لاباڵی راست و چەق کردووە، بەڵام توانای ئەوەی هەیە کە نەرمییەکی تەکتیکیی بەتیپەکە ببەخشێت.
 
چالاککردنی مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست
 
دەکرێ چابی ئەلۆنسۆ پەنا بباتە بەر دانی پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هەندێک یاریزان، کە دەیەوێت بیانباتە ریال مەدرید، بۆ نموونە جیریمی فریمپۆنگی بەرگریکەری باڵی راستی لیڤەرکوزن، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تەنیا 35 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش دەستەوارەیەکی ناوازەیە بۆ ریال مەدرید، چونکە بەرگریکەرێکی باڵ و خێرا و بەشداری گەورە لە هێرشبەریدا دەباتە تیپەکە، جیا لەوەی لەگەڵ ئەلۆنسۆ یارییکردووە و بەئاسانی لە بیرۆکەکانی تێدەگات.
 
ئەگەر ئەو یاریزانە بە 35 ملیۆن یۆرۆ بڕواتە ریال مەدرید، ئەوکات پارەیەکی باش دەمێنێتەوە لە بوودجەکەیدا بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو.
 
چەقە دڵخوازەکەی ئەلۆنسۆ
 
ئەلۆنسۆ بەناو، ناوی مارتن زوبیمێندی ناوەڕاستکاری چەقی ریال سۆسیێدادی داوەتە بەرپرسانی ریال مەدرید وەک دڵخوازترین و پێویستترین یاریزان بۆ پێکهاتەکەی.
 
ئەلۆنسۆ پێیوایە ئەو یاریزانە بەئاسانی لەگەڵ پلانەکانیدا دەگونجێت و دەتوانێت لەگەڵ پێکهاتەی ئێستای ریال مەدرید هاوئاهەنگ بێت.
 
هاتنی زوبیمێندی بۆ ریال مەدرید، 60 ملیۆن یۆرۆ لەسەر ئەو یانەیە دەکەوێت، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورە لە تیپەکەدا دروستدەکات و بەشێکی گەورەی ئامانجەکانی راهێنەری داهاتوو دەپێکێت.
 
سەرەڕم قورسترین داواکارییە
 
لەمڕۆژانەدا بەدەستهێنانی هێرشبەرێکی سەرەڕمی کاریگە و لێهاتوو، بۆ هەموو یانەیەک ئەرکێکی قورسە، چونکە هێرشبەری بەتوانای نێو سندووق لە جیهانی تۆپی پێدا زۆر کەمبوونەتەوە.
 
یەکێک لەو یاریزانانەی ماوەیەکی زۆرە ریال مەدرید دەخوازێت گرێبەستیان لەگەڵدا بکات، ڤیکتۆر یۆکیرێشی هێرشبەری سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالییە.
 
ئەو هێرشبەرە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بەپێی رێکەوتنی لەگەڵ یانەکەی، ئەگەر دەستەوارەیەکی بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ بەدەست بگات، دەتوانێت لە یانەکە بڕوات.
 
ریال مەدرید ئەگەر لەسەر داوای ئەلۆنسۆ گرێبەستەکانی دیکە ئەنجام بدات، ئەوکات 65 ملیۆن یۆرۆ لە خەزێنەکەیدا دەمێنێتەوە بۆ کڕینی یوکیرێش و دەتوانێت بەدانوستاندن لەگەڵ سپۆرتینگ، کە پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، ئەو دە ملیۆن یۆرۆ جیاوازییە بەشێوەی دیکە چارەسەر بکات، وەک هێشتنەوەی بەقیست یان دانی راستەوخۆ یان بەرزکردنەوەی پاداشتەکانی یانەکە، بەپێی ئاستی یاریزانەکە لە داهاتوودا.
 
ئەو یاریزانانەی دەڕۆن
 
جیا لە هێنانی ئەو چوار یاریزانە سەرەکییە، ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید دەکەوێتە بەردەم گرەوی گەورەی بەڕێکردنی ژمارەیەک یاریزانی یانەکە، هەندێک لەوان ئاستیان باش نییە، هەندێکی دیکەیان لە دۆخی خۆیان ناڕازین و داوای هەلی زیاتر دەکەن.
 
بەربژێرترین یاریزان بۆ بەجێهێشتنی یانەکە، هەریەکە لە لوکاس ڤاسکێز و لۆکا مۆدریچن کە پێدەچێ دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ بەڕۆیشتن لە یانەکە رازی بن.
 
داڤید ئالابا، یاریزانێکە ئاستی زۆر دابەزیوە و مووچەیەکی زۆریش لە ریال مەدرید وەردەگرێت، ئەلۆنسۆ دەبێ لە نێوان بەرزکردنەوەی ئاستی و بەڕێکردنیدا بڕیاری خۆی بدات.
 
لە باڵی چەپ، ئەگەر فریمپۆنگ روو لە یانەکە بکات، ئەو کات چابی دەبێ لەنێوان فێرلان مێندی و فران گارسیادا یەکێکیان بهێڵێتەوە و یەکێکیان بەڕێ بکات.
 
هەروەها تیپەکە پێویستی بەڕێکخستنەوە لە ناوەڕاستدا هەیە، ئەرکی ئاردا گولەر کە دەگوترێ چابی ئەلۆنسۆ پێی سەرسامە، لەگەڵ براهیم دیاز، لەگەڵ دانی سیبایۆس، بوونی کاماڤینگا و چوامینی، جیا لە ڤاڵڤێردی و بێلینگهام، ئەمانە هەموویان پێویستیان بەڕێکخستنەوە و دەستنیشانکردنی چارەنووسیان هەیە.
 
لەوانەش گرنگتر، رۆدریگۆیە کە دەگوترێ داوای رۆیشتنی کردووە و چابیش بەداواکارییەکە رازییە، ئایا ئەمیان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟ ئەمانە هەموویان ئاڵنگاری گەورەن لەبەردەم چابیدا.