ئاکرێ چاوی لە نازناوی خولی پلە سێی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاکرێ گەیشتووەتە یاریی کۆتایی خولی پلە سێیەکانی عێراق و رۆژی شەممە کاژێر 16:00 رووبەڕووی یانەی هندییە دەبێتەوە.
یانەی ئاکرێ، یەکەمجارە بەشداریی پاڵەوانێتییەک لە عێراقدا دەکات، توانی لە خولی پلە سێی عێراقدا پلەی یەکەم لە کۆمەڵەی خۆی بەدەستبهێنێت و لە کۆی ئەنجامدانی 10 یاریی خاوەنی 9 بردنەوە و یەکسانبوونێکە.
مەردان خدر، سەرۆکی شانازیی یانەی ئاکرێ لە لێدوانێکیدا بە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئێمە ئامانجمان تەنیا خولی پلە سێی عێراق نییە، بەڵکو دەمانەوێت بگەینە خولی ئەستێرەکانی عێراق، پێشموایە ئەم پێکهاتەیەی هەمانە هەتاوەکو خولی نایابیش دەتوانین بڕۆین".
لەسەر خەڵاتی بردنەوەی نازناوەکە، هۆزاڤان زاهد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئاکرێ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هەتاوەکو ئێستا هیچ بەڵێنێکمان پێنەدراوە، پێموانییە هیچ پارەیەک وەربگرین لە بەرامبەر بردنەوەی نازناوەکە".
یانەی هندییە، یەکێکە لە یانەکانی بەغدا و بەهەمان شێوەی یانەی ئاکرێ لە گرووپەکەی خۆی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لە کۆی ئەنجامدانی 10 یاریی خاوەنی هەشت بردنەوە و دوو یەکسانبوونە.
ئاکرێ لەم وەرزەی خولی پلە سێی عێراق خاوەنی باشترین هێڵی هێرشبەر و بەرگرییە، لە کۆی 10 یاریی تیپەکە 28 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا سێ گۆڵی لێ تۆمارکراوە.