لە نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێدا، ریال مەدرید خۆی یەکلایی کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، لە نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیدا، خۆی یەکلایی کردووەتەوە بۆ پێدانی رۆڵی سەرکردایەتی تیپەکە.
 
پاش وەرزێکی پڕ لە هەڵچوون و کێشە و گرفت لە ریال مەدرید، یانەکە لە قۆناخی خۆرێکخستنەوە و داڕشتنەوەی ستراتیجی کارکردن بۆ ساڵانی داهاتوو دایە.
 
ریال مەدرید ئێستا بیر لە دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی گەورە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی رێکخستنەوەی ژووری جلگۆڕینی یانەکە لە ئەستۆ بگرێت، پاش ئەو شکستانەی یانەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی ئەمساڵدا تووشی بوو.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یانەکە هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو یاریزانەوە یەکلایی کردووەتەوە کە پێیوایە بۆ داهاتوو، دەبێ سەرکردەی تیپەکە بێت و بناخەی سەرەکیی پڕۆژەکەی بێت.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' دەڵێ، ریال مەدرید گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، باشترین کەسە بۆ ئەوەی لە ژووری جلگۆڕیندا وەک سەرکردەی تیپەکە بێت، بەوەش پێش کیلیان ئێمباپێ خراوە کە پێشتر وەک رووکەشی دەرەوەی یانەکە دەبینرا.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ڤینیسیۆس جۆنیۆر گرێبەستەکەی نوێنەکراوەتەوە لەگەڵ یانەکە، بەڵام کارگێڕیی تیپەکە دڵنیایە لەوەی بەمنزیکانە لەگەڵیدا دەگاتە رێکەوتن، ئەمەش وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، وادەکات لە قۆناخی داهاتوودا، ئەو یاریزانە رۆڵێکی گەورەتر ببینێت.
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، بەتایبەت قسەی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە، داوای لێکردووە رۆڵی سەرکردە بگێڕێت لە ژووری جلگۆڕیندا و هاوکاربێت لە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ژوورەکە.
 
هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن، پێشبینیکراوە ڤینیسیۆس کاپتنی یەکەمی ریال مەدرید بێت لە وەرزی داهاتوودا.
 
ئەو هەواڵانە هاوکاتن لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، ریال مەدرید لەمەودوا بەپێی دێرینی لە تیپەکەدا کاپتنەکانی دیاریی ناکات، بەڵکو لە رێگەی دەنگدانەوە دیارییان دەکات.
 
گۆڕانکارییەکانی یانەکە لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید بەردەوامە لە گەڕان بەدوای راهێنەرێکی نوێدا، لە کاتێکدا زۆرینەی سەرچاوەکان هاوڕان لەسەرئەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی یانەکە، نزیکە لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید.
 
هۆکاری دەستنیشانکردنی ڤینیسیۆس بەبناخەی پڕۆژەی داهاتووی یانەکە و کاپتنی یەکەمی تیپەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارگێڕیی یانەکە پێیوایە ئەو یاریزانە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆرینەی یاریزانانی تیپەکە هەیە.
 
ریال مەدرید هیواخوازە پڕۆژەی نوێی یانەکە بۆ هەڵسانەوە، کۆتایی بەقۆناخی ناسەقامگیریی تیپەکە بهێنێت و ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی یانەکە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان.