کاسیاس دژی گەڕانەوەی مۆرینیۆیە بۆ سەرکردایەتیکردنی ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی وەک پۆستێکی سادە بۆ شیکردنەوەی وەرزی ریال مەدرید لە لایەن گۆڵپارێزی ئەفسانەیی ئیکەر کاسیاسەوە دەستیپێکرد، گۆڕا بۆ دەمەقاڵێیەکی تووند سەبارەت بە داهاتووی میرینگێ، ئەمەش وای لە کاپتنەکەی پێشوو کرد روونکردنەوەی یەکلاکەرەوە بدات و جەخت بکاتەوە کە ناترسێت لە دەربڕینی راکانی، هەرچەندە رەخنەکان تووند بن.
ریال مەدرید لە دوو وەرزی رابردوودا نەیتوانی هیچ نازناوێکی گەورە بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا تەنیا 3 یاری ماوە دوای ئەوەی بارسێلۆنا نازناوی خولی ئیسپانی یەکلاکردەوە. بڕیارە تیپە شاهانەکە لە رۆژانی 14 و 17 و 23ـی ئەم مانگەدا رووبەڕووی هەریەک لە ریال ئۆڤیێدۆ، سیڤییا و ئاتلێتیک بلباو ببێتەوە.
کاسیاس قسەکانی بە وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانە دەستپێکرد کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاراستەی کرابوون و گوتی "سەیرە کە من تەنیا هەوڵمداوە بۆچوونم دەرببڕم سەبارەت بە دیاردەیەکی تۆپی پێ و هاوکارێکی پێشووم وەک تۆنی کرووس، ئەو بلیمەتەی تۆپی پێ، بەڵام بۆچوونەکەی من کە 99٪ لەگەڵ بۆچوونەکەی ئەو یەکدەگرێتەوە، رووبەڕووی هێرشێکی تووند بووەوە لە لایەن بەشێک لەوەی ناوی دەنێم 'رەوتی مێژوویی مەدریدیستا'". هەروەها گوتیشی "جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە شتێکی سەرسوڕهێنەر، با ئەوانە باش بزانن کە قسەکانیان بەهیچ شێوەیەک بۆ من گرنگ نییە".
کاسیاس هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو راستەوخۆ باسی لەو مشتومڕە کرد کە سەبارەت بە گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی بۆ راهێنەرایەتی ریال مەدرید هەیە و گوتی "هیچ کێشەیەکی کەسیم لەگەڵ مۆرینیۆ نییە، ئەو لەبەر چاوی مندا پیشەگەرێکی گەورەیە، بەڵام بەسادەیی نامەوێت ببێتەوە بە راهێنەری ریال مەدرید".
گۆڵپارێزەکەی پێشووی ئیسپانیا بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی "پێموایە راهێنەری دیکەی وا هەن کە باشتر و لێهاتووترن بۆ سەرکردایەتیکردنی یانەی ژیانم لە قۆناخی داهاتوودا، ئەمە بۆچوونی خۆمە و هیچی دیکە".
لێدوانەکانی کاسیاس جارێکی دیکە ئەو پەیوەندییە گرژەی هێنایەوە پێشەوە کە لە سەردەمی کارکردنیان پێکەوە لە ریال مەدرید هەیانبوو، چونکە زۆر کەس پێیانوایە قسەکانی وەک هۆشدارییەکە بۆ دووبارە نەبوونەوەی قەیرانەکانی رابردوو و ئەو دابەشبوونەی ئەوکات ژووری جلگۆڕینی یاریزانان بەخۆیەوە بینی. چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی لەم دواییانەدا ئاشکرایان کردووە کە ریال مەدرید لەگەڵ مۆرینیۆ گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکە لە سەرەتای وەرزی داهاتووەوە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ئەزموونی پێشووی لەگەڵ یانە شاهانەکە هەیە، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 راهێنەرایەتی کرد و نازناوی خولی ئیسپانی وەرزی 2011-2012 و جامی شای ئیسپانی وەرزی 2010-2011 و جامی سوپەری ئیسپانی ساڵی 2012ـی لەگەڵدا بەدەستهێنا.
مۆرینیۆی تەمەن 63 ساڵ لەم دواییانەدا باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی ریال مەدرید کردبوو و جەختی کردبووەوە کە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وەرزی بێنفیکا دەکات پێش ئەوەی پشوویەک بدات و بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی بدات.