مۆرینیۆ بەتەواوی لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید نزیکبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بێنفیکا رەتکردووەتەوە و دەیەوێت ببێتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید.
لە پێشهاتێکی نوێدا، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "مۆرینیۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو".
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مۆرینیۆ 3 ملیۆن یۆرۆیە، گرێبەستەکەی لە 26ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت و ریال مەدرید دەتوانێت رۆژی 27ـی مانگ راهێنەرەکە بێبەرامبەر بباتە یانەکەی.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر مۆرینیۆ لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە گوتی "ئێستا کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان نییە".
رۆژنامەکە دەڵێت "کارگێڕیی ریال مەدرید متمانەی تەواوی بە بیرکردنەوەکانی جۆزێ مۆرینیۆ هەیە و پێیوایە ئەو پیاوێکە دەتوانێت رێکخراوەیی تیپەکە بگەڕێنێتەوە و کەسایەتیی تیپەکە بەهێزتر بکاتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە و ئەمەش هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پۆرتوگال، یانەی بێنفیکا بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت و هەریەکە لە مارکۆ سیلڤا، راهێنەری یانەی فولهام و رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد لە پلانەکانی یانەکەدا.
رادیۆی کادێنا کۆپێی ئیسپانیا رایگەیاندووە، مۆرینیۆ راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدە و لە نزیکترین کاتدا گرێبەستەکەی رادەگەیێنرێت.