ڤان پێرسی هۆشداریی دەداتە ئیسپانیا


رووداو - هەولێر

رۆبن ڤان پێرسی هێرشبەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هۆشداریدایە هەڵبژاردەی ئیسپانیا، كە سووك سەرنجی ئاستی هۆڵەندا نەدەن و تیپەكەیان بە لاواز نەبینن.

كەمێك پێش ئێستا لە كۆمەڵەی دووەمی مۆندیالی بەڕازیلدا هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ئیسپانیا یارییەكەیان دەستپێكرد.

ڤان پێرسی هێرشبەری هۆڵەندا گوتی: ناكرێت لە ئاستی ئێمە كەمبكرێتەوە، راستە ئیسپانیا یاریزانی زۆرباشی هەیە، كە بە بڕوای من باشترین تیپە لە جیهاندا، بەڵام ئێمەش تیپێكی باشین و ناكرێت ئەوە لەبیر بكرێت.

پێرسی كە پێكان هەبوو، بەڵام ئێستا ئامادەیە بۆ یاریكردن و رایگەیاند: بە شێوەیەكی سروشتی پێویستە لەسەرمان ئاستبەرزیی خۆمان بسەلمێنین و هەوڵیش دەدەین هەموو توانای خۆمان دەربخەین.

هێرشبەرەكەی هۆڵەندا ئاشكرایكرد لە رۆژانی رابردوودا بە تەواوی و بە شێوەیەكی باش مەشقی كردوە و پێكانەكەی چاكبووەتەوە و هیچ كێشەیەكی نییە.

ڤان پێرسی بڕوا و متمانەی بە ئاستی تیپەكەی دەربڕی و پێشبینیی كرد بتوانن ئەنجامی زۆرباش تۆماربكەن.