کارڤاخال دووچاری پێکان بووەوە
رووداو - هەولێر
دانی کارڤاخالی بەرگریکەری باڵی راستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی لە شاری کراسنۆداری رووسی دوورکەوتەوە، پاش ئەوەی هەستی بە ئازار کرد لە ماسوولکەکانی قاچیدا و بەوەش ئاشکراکرا، ئەو یاریزانە بەشداریی یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالدا ناکات، کە هەینی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەنجامی دەدەن.
کارڤاخال لە 26ی ئایاری رابردوو و لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و لیڤەرپوولدا دووچاری پێکان بوو و بە گریانەوە یاریگەی بەجێهێشت.
ئەو یاریزانە لە گێمی یەکەمی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا یاریگەی جێهێشت بەهۆی پێکان لە رانی چەپیدا و دوای دڵنیابوونەوە لەوەی پێکانەکەی قورس نییە، جۆلیان لوپیتیگێی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڕیاریدا لە لیستی ئەو یاریزانانەیدا بهێڵێتەوە کە لەگەڵ ئیسپانیادا بەشداریی مۆندیال دەکەن.
بۆ یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا، بڕیارە ئەلڤارۆ ئادریۆزۆلای یاریزانی یانەی ریال سۆسیداد شوێنی کاڤاخال بگرێتەوە و جیا لەو یاریزانەش، ناچۆ فێرناندێز یەکێکی دیکەی بژاردەکانی بەردەستی راهێنەری ئیسپانیایە بۆ شوێنگرتنەوەی کارڤاخال.