کۆپا ئهمێریكا.. پاڵەوانێتییەکی بەهێز و بێبایهخكراو
کۆپا ئهمێریكا یەکێک لە پاڵەوانێتیە کیشوەرییە بەهێزەکان، کە لە ساڵی 1916وە سەری هەڵداوەو لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکای باشوورەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەم پاڵەوانێتییە سەرەڕای بەهێزییەکەی خاڵی لاوازی ئەوەیە کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوەی ئەم جامە لە وەتەی هەیە کەس نازانێت کەی بەڕێوەدەچێت.
ئەم پاڵەوانێتییە لە سەرەتای دروستبوونیدا هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچوو مەگەر بە هۆکارێک ساڵێک نەکرابێت، بەڵام دواتر یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکای باشوور ویستی ساڵەکانی بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتییە ڕێکبخات بۆ ئەوەی هاوشێوەی پاڵەوانێتییەکانی دیكه گرنگی خۆی پەیدا بکات، هەر بۆیە بڕیاریدا ئەم جامە بە 4 ساڵ جارێک بەڕێوەبچێت، بەڵام دووبارە ئەم یەکێتییە پابەند نەبوو بە بڕیارەکەیەوە، كه هەتا ئێستاش هەر لەسەر شێوازە هەڕەمەکییەکەی خۆی بەردەوامه.
نموونەیەکی زیندوو لە بێسەرەوبەریی بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتییە لە ماوەی ساڵانی 2015 تاوهكو 2020 چوار جاره ئهنجام دهدرێت، ئەم یەکێتیە هەر جارەو شتێک دەکەن بە بیانوو بۆ ئهوهی کەی پێیان خۆش بوو پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەبەرن، لە کاتێکدا ساڵەکانی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکانی دیكه جێگیرە و بە هیچ هۆکارێک دەستکاری ناکرێن، هەر ئەمەش وایکردووە پاڵەوانێتییەکانیان گرنگی و سەنگی زیاتریان هەبێت بەراورد بە کۆپا ئهمێریكا، دەتوانم بڵێم ئەوەندە گرنگییەی هەشیەتی و ئەوەی وای لە بینەری تۆپی پێ کردووە سەیری کۆپا ئهمێریكا بکات ئەوەیە کە هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرجەنتین کە خاوەنی هاندەرێکی زۆرن لە سەرتاسەری جیهاندا لەم جامەدا بەشداری دەکەن، کە هەردوو هەڵبژاردە خاوەنی گەورەترین ئەفسانەکانی مێژووی تۆپی پێن.
ئەگەرنا هەمووان درک بەوە دەکەن كه کۆپا ئهمێریكا لە زۆر لایەنەوە زۆر دواکەوتووترە بەراورد بە پاڵەوانێتییە بەهێزەکانی دیكه، مەبەستی ئەم قسەیەم لە لاوازی هەڵبژاردەکان نییە، بەڵکو لایەنی هونەری و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکەیە کە وایکردووە بەمشێوەیە دەربکەوێت.
من لێرەدا بۆ ئەوەی زیاتر روونیبکەمەوە کە کۆپا ئهمێریكا کەم بایەخترە لە پاڵەوانێتییەکانی دیكه، نموونەیەک بە هەڵبژاردەی بەرازیل دەهێنمەوە کە ئەم هەڵبژاردەیە بە بەهێزترین هەڵبژاردەی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، بەڵام ژمارەی نازناوەکانی کۆپا ئهمێریكای نیو ئەوەندەی ئۆرۆگوای و ئەرجەنتینە، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە لە مێژوودا بەرازیل زۆربەی جارەکان بە پێکهاتەی یەدەگەوە بەشداری ئەم جامەی کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم پاڵەوانێتییە تا ئێستا تەنانەت نەیتوانیوە وا لە هەڵبژاردەکان و یاریزانانی ئەم کیشوەرە بکات بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەم جامە بکەن بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بکەن.
لەسەر ئاستی یاریزانانیش دەمەوێ نموونەیەک بە یاریزان رۆناڵدینیۆ بهێنمەوە، ئەم یاریزانە کە توانی سەرجەم نازناوەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلدا بەدەستبهێنت و له ساڵی ۱۹۹۹ کۆپا ئهمێریكای بردەوە، دواتر و دوای بەناوبانگبوونی هەر جارەو بە بیانوویەک بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوو بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا بکات، یان کاکا لە ژیانی دا بەشداری کۆپای نەکردووه، ئەستێرەکانی دیكهی سامبا بەهەمانشێوە. تهنانهت مارادۆنا دوای بردنەوەی مۆندیال ئیدی بۆی گرنگ نەبوو کۆپا بباتەوە یان نا، ئەوانەو چەندین نمونەی دیكه کە دەرخەری ئەو راستیەن کە یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکای باشوور تا ئێستا نەیتوانیوە پاڵەوانیەتیەکی رێک و پێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، لە کاتێکدا دەکرا لەبری ئەوەی هەموو ساڵێک کۆپا ئهمێریكا بکرێت وەک ئەوروپیەکان بیر لە پاڵەوانێتییەکی هاوشێوەی نەیشن لیگ بکەنەوە ئەوکات هەم دەبوو بە داهێنان بۆیان هەم کۆپا ئهمێریكاش سەنگ و قورسایی زیاتری دەبوو.