ڤیدیۆ؛ چینییەکان شێتانە پێشوازییان لە مێسی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆر هاندەر و هەوادارانی لیۆنێل مێسی، لە سەرتاسەری چینەوە لەبەردەم هۆتێلی چوار وەرز لە بەیجینی پایتەخت کۆبوونەوە، کە لیۆنێل مێسی پاڵەوانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تێدا دەمێنێتەوە.
هەڵبژاردەی تانگۆ ئێستا لە بەیجینە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بکرێت.
هەموو ئەوانەی بۆ بینینی مێسی و هاوڕێیانی کۆببوونەوە، دروشمیان بەناوی لیۆ دەگووتەوە. مێسیش لە پەنجەرەی پاسەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد و دەستی بۆ هاندەرانی بەرزدەکردەوە، کە زۆر بە پەرۆش بوون بۆ بینینی باشترین یاریزانی جیهان لە وڵاتەکەیان.
یەکێک لەو هاندەرانەی کە هاندەرێکی سەرشێتی مێسییە، بە میدیاکانی گوت، زیاتر لە 30 کاژێر لە فڕۆکەخانەوە بۆ هۆتێل بەدواداچوونی بۆ تیپەکە کردووە، تەنیا دەیەوێت لە نزیکەوە سەیری لیۆنێل مێسی بکات.
ئەو گوتیشی "نەمتوانی بخەوم، زۆر ماندوو بووم، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر دڵخۆشم، کاتێک مێسیم بینی راستەوخۆ ماندووبوونم نەما".