تێڤێز لە ماڵەوەیە
رووداو - هەولێر
یانەی بۆکاجۆنیۆرزی ئارجێنتینایی ئەمڕۆ دووشەممە کارلۆس تێڤێز بە میدیاکان دەناسێنێت، دوای ئەوەی یاریزانەکە دوای 11 ساڵ یاریکردن لە چەند یانەیەکی برازیل و ئەوروپی گەڕایەوە یانەکەی پێشووی.
ئەلئەباچی لە یاریگای بۆمبونێرا بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری یانەکە پێشکەش بە میدیاکان دەکرێت.
" تێڤێز گەڕایەوە ماڵەکەی" ئەمە ئەو رستەیەیە کە یانەی بۆکاجۆنیۆرز بەشێوەی هاشتاگ لە لاپەرەکانی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاندەران بۆ پێشکەشکردنی یاریزانەکە رابکێشێت.
رودلفۆ ئاروابارینای بەرێوەبەری هونەری بۆکا رایگەیاندووە، گەڕانەوەی تێڤێز هێزێکی زۆر دەداتە یانەکەیان و دەیانەوێت سوود لە تواناکانی ئەو یاریزانە وەربگرن.
چاوەڕوندەکرێت کارلۆس تێڤێز یەکەم یاری خۆی رۆژی شەممە لە میانەی یارییەکانی خولی ئارجێنتینا لە نێو یاریگا بۆمبونێرا بەرامبەر یانەی کویلمیس ئەنجامبدات.