ڤیدیۆ؛ مێسی دوو گۆڵی ناوازەی تۆمارکرد و مێژوو دەنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی بۆ دووەم یاریی لەسەریەک دوو گۆڵی لە یارییەکدا کرد و سەرکردایەتی بردنەوەیەکی دیکەی یانەی ئینتەرمەیامیی کرد.
 
لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا، یانەی ئینتەرمەیامی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ناشڤیڵی کرد، خاوەن یاریگە بە سەرکردایەتیی لیۆ سێ خاڵی دیکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 17 مێسی بەلێدانێکی راستەوخۆی جوان، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پەمەیەکان تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی پێشکەوت.
 
سێ خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە هانی موختار ئەنجامەکەی بۆ ناشڤیڵ بەلێدانی سەر یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 62 گۆڵپارێزی یانەی ناشڤیڵ هەڵەیەکی گەورەی بەرامبەر لیۆنێل مێسی کرد، ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە تۆپەکەی لە گۆڵپارێز وەرگرت و گۆڵی دووەمی خۆی یانەکەی تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی ئینتەرمەیامی کۆتاییهات، دووەم یارییە لەسەریەک مێسی لە یارییەکدا دوو گۆڵ دەکات.
 
لیۆ بووە خاوەنی 16 گۆڵ لە 16 یاریی خولی ئەمریکادا و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەدایە، لە دوایین پێنج یارییدا لیۆ 10 گۆڵ و 4 ئاسیستی کردووە.
 
مێسی بەگشتی لە کاروانی یارییکردنیدا بووە خاوەنی 872 گۆڵ، لە دوایین 5 یارییدا هەموو یارییەکان لیۆ بووەتە باشترین یاریزانی یارییەکە.