راهێنەری ریال مەدرید ئۆکەی بۆ فرۆشتنی 3 یاریزانی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئۆکەی بۆ رۆیشتنی سێ یاریزانی کردووە و چاوەڕێیە کارگێڕیی یانەی شاهانە کار بۆ فرۆشتنیان بکات.
بەگوێرەی ئەوەی ماڵپەڕی Fichajesـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، چاپی ئەلۆنسۆ، ڕاهێنەری ریال مەدرید، هەڵوێستێکی روونی بەرامبەر بە ژمارەیەک یاریزان نیشانداوە و داوای لە کارگێڕیی یانەکە کردووە رێگە بدات سێ یاریزان بەیەکجاری لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یانەکە جێبهێڵن.
دیارترین ناو لە لیستەکەدا رۆدریگۆی هێرشبەری باڵی بەرازیلییە، کە لە ساڵانی رابردوودا یەکێک بووە لە یاریزانە سەرەکییەکان، بەڵام ئاستەکانی ئەم دواییەی و نەبوونی کاریگەریی یەکلاکەرەوە لە یارییە گەورەکاندا، وای لە راهێنەرە نوێیەکە کردووە بیر لە هێنانی خوێنی نوێ بکاتەوە بۆ هێڵی هێرشبردن.
دانی سیبایۆس، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانی، کە لە وەرزەکانی رابردوودا سەرکەوتوو نەبووە لە سەلماندنی خۆی و تووشی زنجیرەیەک پێکان بووە کە هەلی بەشداریکردنی بەشێوەیەکی بەردەوام کەمکردووەتەوە.
براهیم دیاز، ئەستێرە مەغریبییەکە، سەرەڕای چەند ساتێکی درەوشاوەی، نەیتوانیوە شوێنێکی هەمیشەیی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەدەستبهێنێت، ئەمەش وایکردووە لە دەرەوەی پلانەکانی پڕۆژە هونەرییە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلۆنسۆ بێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارگێڕیی یانەکە دەستی کردووە بە کردنەوەی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ چەند یانەیەکی خوازیاردا، بەتایبەتی لە ئینگلتەرا و ئیتاڵیا، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت سیبایۆس بەگرێبەستێک بگەڕێتەوە بۆ لالیگا و بەدیاریکراوی بۆ ریال بێتیس، کە هەلی یاریکردنی بەردەوامی بۆ بگەڕێنێتەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاندەران، ئەم هەنگاوە هێندەی ئەوەی شتێکی چاوەڕواننەکراو بێت، زیاتر راگەیاندنێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ قۆناخێکی نوێی "شۆڕشی هاوینە" کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی کوالیتی پێکهاتەکەیە و کردنەوەی دەرگایە لەبەردەم گرێبەستە گەورە چاوەڕوانکراوەکاندا.