رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانی ئەورووپایە و کۆنتڕۆڵ بە تۆپ دەکات، دەیەوێت بەکردەیی تۆپی پێی ئەورووپا کۆنترۆڵ بکات و جامی سوپەری کیشوەرەکە بۆ یانەکەی بباتەوە.
لویس ئێنریکێ و پاریس سانجێرمان، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار خەونی پاریسییەکانیان بۆ بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کردە راستی، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی جامی سوپەری ئەورووپا و بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکە ئامادەن.
لوکاس چاڤالیێ نوێترین ناوی نێو پێکهاتەی پاریس سانجێرمانە، دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یانەی لیلەوە پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد و جیانلویجی دۆنارووماش چەند کاژێرێکی کەم بەر لە بەرێوەچوونی ئەم یارییە ماڵئاوایی لە پاڵەوانی ئەورووپا کرد.
ئیڤان زابارنێی یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەم هاوینەدا پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە و دەیەوێت یەکەم نازناوی خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت.
پاریس سانجێرمان بەتەواوی ئەستێرەکانییەوە بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەیە، عوسمان دێمبێلی چاوی لەوەیە بەبردنەوەی ئەم نازناوە بە هەموو ئەورووپا بڵێت هەم پاریس گەورەی ئێستای کیشوەرەکەیە و هەمیش خۆی باشترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر.
یاریگەی بلونێرجی لە شاری ئودینێی ئیتاڵیا میوانداریی ئەم یارییە گرنگە دەکات، یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگە و ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی سوپەری ئەورووپایە.
سپێرز هەر لە دوای بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەورووپیی دەستبەرداری ئانج پوستیگوکلۆ بوو و تۆماس فرانک بووە راهێنەری نوێی ئەو یانەیە، فرانک ئەزموونێکی زۆری لە تۆپی پێی ئینگلتەرادا هەیە و دەیەوێت لە یەکەم دەرکەوتنی فەرمییدا شوێن دەستی خۆی لە مێژووی یانە لەندەنییەکەدا جێگە بکاتەوە.
تۆتێنهام گۆڕانکاریی زۆری لە تیپەکەیدا کردووە، محەممەد قودوس و جواو پالینیا دوو دیارترین یاریزانن گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و ئەمشەو یەکەم یارییان بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدەدەن، ئەوەی بۆ لەندەنییەکان جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، پێکانی درێژخایەنی جەیمس مادیسنە کە لە یارییە دۆستانەکاندا تووشی بوو و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی وەرز ناگەڕێتەوە.
پاریس و تۆتێنهام، لە ئیتاڵیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردووکیان یەکەم یاریی فەرمیان بەر لە دەستپێکردنی خولەکانیان ئەنجامدەدەن و دەیانەوێت جامی سوپەری ئەورووپا ببەنەوە شارەکانیان، پاریس نایەوێت دووەم نازناوی لەسەریەک بەرامبەر یانەیەکی لەندەنی لەدەستبدات، دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا بە ئەنجامێکی گەورە بەرامبەر چێڵسی دۆڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ