لێدوانی راهێنەران.. ئێنریکی و فرانک رێز لە تیپەکانی یەکدی دەگرن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ کاژێر 22:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لە ئیتاڵیا یاریی جامی سوپەری ئەورووپا ئەنجام دەدرێت و پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و تۆتێنهامی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لەسەر نازناوەکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەری هەردوو یانە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمەی خوارەوە پوختەی قسەکانی هەردووکیانە:
 
 
لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان:
 
دەمانەوێت بەردەوام بین لە تۆمارکردنی مێژوو و ئێستا ئەمە بە واتای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دێت بۆ دووەمجار لەسەریەک و ئەوە ئامانجی ئێمەیە. ساڵی رابردوو هیچ کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە بتوانین بیبەینەوە و ئێمە بە هەموو جیهانمان نیشان دا کە دەتوانین بیکەین. ئەمە خەونی ئێمەیە، هەوڵ دەدەین جارێکی دیکە بیبەینەوە. زۆر قورس دەبێت، ئەوە دەزانین، بەڵام دڵخۆشین کە ئەم خەونەمان هەیە.
 
ئەوان راهێنەریان نوێیە، هەندێک یاریزانی نوێیان هێناوە، پێش یارییەکە چەند یارییەکی دۆستانەیان ئەنجام داوە، نازانم پلانیان بۆ چ جۆرە یارییەک دەبێت. قورس دەبێت، چونکە ئەوان ماوەی مانگێکە راهێنان دەکەن و ئێمە لە یەکەم هەفتەی خۆمانداین. بەڵام ئەمە بیانوو نییە، ئێمە هەوڵ دەدەین بەباشترین ئاستی خۆمان رکابەری بکەین. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پێش ئەوەی بێمە پاریس چەند بژاردەیەکم لەبەردەست بوو و تۆتێنهام یەکێک بوو لەوانە.
 
پێموایە شتێکی زۆر باشە بۆ هاندەران و یاریزانان کە بزانن نۆ یاریزانی پاریس سانجێرمان لە لیستی 30 بەربژێری باڵۆندۆردان و پێموایە دەبوو زیاتر بوونایە، چونکە شایەنی بوون. بەڵام ئێمە بیرمان لای دەستکەوتە بەکۆمەڵەکانە، نەک ئامانجە تاکەکەسییەکان. ئەمە وەرزشێکی بەکۆمەڵە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە یانەکەمان، یاریزانەکانمان، هاندەرانمان دەیانەوێت تیپەکە نازناوەکان بباتەوە و خەڵاتە تاکەکەسییەکانیش وەک دەرئەنجامێک دێنەدی.
 
 
تۆماس فرانک، راهێنەری یانەی تۆتێنهام:
 
پێموایە دادپەروەرانەیە بڵێین کە ئەوان لەڕووی گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خۆیانەوە، لە قۆناخێکی پێشکەوتووتردان. من سەد لە سەد دڵنیام و باوەڕم وایە کە یارییەکە رکابەریی زۆری تێدا دەبێت. بەڵام بێگومان پێموایە بەدرێژایی وەرزەکە ئەوان لە شوێنێکی باشدان بۆ ئەوەی ئاستێکی باشتر پێشکێش بکەن. بەڵام لەبەرئەوەی یەک یارییە، ئێمە ئامادەین.
 
بەربژێرکردنی ژمارەیەکی زۆر یاریزانیان بۆ باڵۆندۆر؟ پێموایە ئەمە نزیکە لە رۆژانی بارسێلۆنا، کە پێموایە ساڵێک لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا شەش یان حەوت یاریزانیان لەنێو 10 باشترین یاریزانی جیهاندا ناویان هاتبوو. بۆیە پێموایە ئەمەش گەورەیی ئەو ئاڵنگارییە زیاد دەکات کە لەم یارییەدا لەبەردەمماندایە. ئەوان تیپێکی ئاست جیهانین و لە نزیکەی هەموو شوێنێکی یاریکردندا یاریزانی ئاست جیهانییان هەیە. دەتوانم ناوی زۆر بهێنم. پێموایە هەموویان لە هەموو روویێەکەوە وەرزێکی بەهێزیان هەبووە. بۆیە لەوانەیە ئێستا یاریزانێکی دڵخوازم نەبێت، ئەگەر وەڵامێکی سیاسیانە بدەمەوە."