ریال مەدرید دژی بارسێلۆنا و لالیگا دەوەستێتەوە



رووداو دیجیتاڵ

پلانی گواستنەوەی یاریی نێوان ڤیاریال و بارسێلۆنا لە لالیگادا لە ئیسپانیاوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یانەی ریال مەدریدی تووڕە کردووە و بە تووندی دژی دەوەستێتەوە و بە "پێشهاتێکی قبوڵنەکراو" ناوی دەبات.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر پێشنیازەکە داوە کە یارییەکە لە یاریگای سیرامیکاوە بگوازرێتەوە بۆ یاریگای هارد رۆک لە مەیامی، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندیی کۆتایی فیفا و یوفا دەکات.
 
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکدا هۆشداریی تووندی داوە کە ئەم هەنگاوە "هاوسەنگیی رکابەری تێکدەدات و سوودێکی نادادپەروەرانە بە رکابەرەکانی دەبەخشێت". 
 
ریال مەدرید دەڵێت ئەم کارە زیان بە دەستپاکی و شەرعیەتی خولەکە دەگەیەنێت و بە فەرمی داوای لە فیفا و یوفا کردووە رێگری لە جێبەجێکردنی پلانەکە بکەن.
 
فێرناندۆ رۆیگ، سەرۆکی یانەی ڤیاریال، لەبارەی ئەو پێشنیازەوە پشتگیری لە پلانەکە دەکات و پێیوایە دەرفەتێکی گرنگە بۆ "فراوانکردنی براندی تۆپی پێی ئیسپانیا و بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر".
 
هاوکات کۆمەڵەی هاندەرانی ئیسپانیاش (FASFE) لەگەڵ هاندەرانی بارسێلۆنا و ڤیاریال دژایەتیی خۆیان راگەیاندووە و هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکەن ئەگەر یارییەکە لە دەرەوەی ئیسپانیا ئەنجامبدرێت.
 
پێشتر دووجار هەوڵدراوە، بەشێکی یارییەکانی لالیگای ئیسپانیا لە ئەمریکا بکرێن، جارێکیان لە 2019 بڕیاربوو یاریی بارسێلۆنا و جیرۆنا لە مەیامی بکرێت، بەڵام هەوڵەکە شکستیهێنا، وەرزی رابردووش کار بۆ ئەوە دەکرا، یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەش نەکرا.