گۆڵکارە نایابەکەی ئامەدسپۆر گەیشت

 
رووداو دیجیتاڵ

مبای دیانێ، هێرشبەری سەنیگالی گەیشتە ئامەد و لەلایەن هاندەرانی ئامەدسپۆرەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و وەکو یاریزانی نوێی یانەکە ناسێنرا.
 
شەوی سێشەممە لەنێو پێشوازییەکی گەورەی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆردا، یاریزانەکە گەیشتە ئامەد، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیاکان ناسێنرا، مبای گوتی "دڵخۆشم بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ئامەدسپۆرەوە، ئامانجی من ئەوەیە هاوکاریی یانەکە بکەم بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ."
 
دیانێ لە بارەی ئەوەی لە وەرزی نوێدا چەند گۆڵ دەکات؟ گوتی "دەمەوێت لەم وەرزەدا 25 گۆڵ تۆماربکات."
 
یاریزانەکە 33 ساڵە، ئەزموونێکی گەورەی یارییکردنی لە خولە دیارەکانی ئەورووپادا هەیە، لە یانەکانی ئاژاکسیۆی فەرەنسی، شەبابی سعودی، قاسم پاشا، گاڵاتەسەرای و فاتیح کاراگومرۆکی تورکی، کلەب برووجی بەلجیکی، وێستبرۆمیچ ئالیبۆنی ئینگلیزی، قادسیەی سعودی و چەند یانەیەکی دیکە یارییکردووە.
 
بۆ یاریی داهاتووی ئامەدسپۆر بەرامبەر یانەی ئەرزروم سپۆر ئامادەدەبێت، لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی پلە یەکی تورکیادا کە دەبێتە دووەم یاریی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر چۆروم دۆڕا.
 
لە وەرزی 2018-2019 یاریزانەکە لە سوپەر لیگی تورکیا 30 گۆڵی تۆمارکرد، لەگەڵ گاڵاتەسەرای نازناوی خولی تورکیا، جامی تورکیا و سوپەری تورکیای بردووەتەوە، لە کلەب برووج خولی بەلجیکای بەدەستهێنا و سوپەری سعودیەی لەگەڵ یانەی شەباب بەدەستهێناوە.
 
لە وەرزی 2023-2024 مبای دیانێ لە خولی پلە یەکی سعودیە 26 گۆڵی بۆ یانەی قادسیە تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولەکە.