ڤیدیۆ؛ "زڵاتان هەرگیز پیر نابێت"

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی میلان بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و سێیەم یاریی خۆی بەسەریەوەکەوە لە سێریا ئەیدا بردەوە، کە قوربانی ئەمجارەی یانەی لازیۆ بوو.
 
هەردوو یانە لەسەر یاریگەی سان سیرۆ لە میلانۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە و یانەی خاوەن ماڵ توانی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکە و 3 خاڵ بباتەوە.
 
لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا، رافایێل لیاو توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ میلان بەدەستبێنێت. 
 
لە نیوەی دووەمدا یانەی لازیۆ هەوڵیدا گۆڵی یەکسانبوون بەدەستبێنێت، بەڵام نەیانتوانی دەرگەی گۆڵی خاوەن یاریگە بکەنەوە، تاوەکو ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری میلان لە خولەکی 60ـدا زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ناردە نێو یاریگە، کە ئەمە یەکەمجار بوو ئیبرا لەم وەرزەدا یاری بکات، دوای گەڕانەوەی لە پێکان، کە ماوەی 4 مانگ بوو لە یاریگەکان دوورکەوتبووەوە.
 

ئەستێرەی سوێدی تەنیا 7 خولەکی بەس بوو بۆ ئەوەی گۆڵی یەکەمی خۆی لەم وەرزەدا و گۆڵی دووەمی میلان لە یارییەکەدا تۆماربکات.
 
یانەی لۆمباردی بەم سەرکەوتنە، بووە خاوەنی 9 خاڵ، کە بەجیاوازی گۆڵ لە دوای رۆما پلەی دووەمی ریزبەندیی گرتووە.
 
ئەم سەرکەوتنە دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ میلان، بۆ ئەوەی لە یەکەم یاریی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی باش پێشکەش بکات، کە رۆژی چوارشەممە لەسەر یاریگەی ئانفێڵد دەبێتە میوانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی.
 
دوای یارییەکە ستیفانۆ پیۆلی، پەسنی زڵاتانی دا و گوتی "زڵاتان ماوەی 4 مانگە یاری نەکردووە، دڵخۆشم کە ئەو بەشداری کرد و بە ئاستێکی باش دەرکەوت، ئەو باشە".
 
راهێنەری میلان زیاتر لەبارەی ئیبراوە گوتی "ئەو چەند خولەکێک یاری کرد، کە بۆ ئەو لە یارییەکانی داهاتوودا باش دەبێت، ئەو گەورە نابێت، هەمیشە بەهرەمەندە، پڕە لە حەماس و پەرۆشی".
 
زڵاتان بێجگە لە تۆمارکردنی گۆڵێک لەم یارییەدا، هەڵوێستێکی دیکەی سەرنجڕاکێشیشی هەبوو، کە هاوڕێیەکی خۆی ناچارکرد داوای لێبوردن لە ماسیمیلیانۆ ساریی راهێەری یانەی لازیۆ بکات.
 
ماوریزیۆ ساری لە خولەکی 62 لە لایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە بە کارتی سوور دەرکرا، کە لە یاریی داهاتووی تیپەکەیدا بەرامبەر کالیاری ئامادە نابێت.
 
دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە ساری چووە نێو یاریگە و بە ساليمايكێرسی یاریزانی میلانی گوت "پێویستە رێز لە بەرامبەرەکەت بگری.."، چەندجارێک ئەو قسانەی دووبارە کردەوە.
 
ساری لەو بارەیەوە گوتی "ساليمايكێرس جوڵەیەکی زۆر ناشیرینی کرد، کە نابێت بەرامبەر بە پیاوێکی بە تەمەن بیکات، بەڵام دواتر زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هێنایەوە لای من و ناچاری کرد داوای لێبوردن لە من بکات".