ڤیدیۆ؛ تووشبوویەکی داون بە یاری ترایسلۆن ناوی دەچێتە نێو مێژوو

رووداو دیجیتاڵ

ئەمە تووشبوویەکی داونە و ئەمریکییە لە وەرزشدا ناوی خۆی لە مێژوودا تۆماردەکات.

کریس نیکیچ تووشبوویەکی داونە و بەشداری لە پێشبڕکێی یاری ترایسلۆن دەکات کە بە یاری ئاسنین ناسراوە و ئەنجامدانی کەمێک قورسە  ماندووبوونی دەوێت.

کریس لەگەڵ چەند کەسێک کاژێر شەشی بەیانی ئەم وەرزشەی ئەنجامدا و رکابەری لەگەڵ توانا و جەستەی خۆیدا کرد و یاری مەلە و راکردن و پایسکیلسواری یەک بەدوای یەکدا بڕی.

لە مەلەدا کە ماوەکەی دوو میل و پۆینت چوار بوو، نیکیچ بە سەرکەوتووانە کارەکەی ئەنجامدا و لە کاژێرێک و 54 خولەکدا کۆتایی پێهێنا.

دوای مەلەکەی بە خێرایی لێخوڕینی پایسکیلی تاقیکردەوە و بەبێ هیچ یارمەتییەک ئەم پێشبڕکێیەشی تەواوکرد، ماوەکە 112 میل بوو ئەوەشیانی بە هەشت کاژێر و 12 خولەک تەواو کرد.

کاتی راکردنە و لەوەشیاندا نیکیچ کۆڵی نەداوە و بەردەوامە، ماراسۆن ماوەکەی 26 میل بوو، شەش کاژێر و 18 خولەک کاتەکە بوو، کۆی گشتی ماوەی پێشبڕكێکان 16 کاژێر و 46 خولەک بوو، بەڵام بێگومان بڕینی ئەم ماوە زۆرە پشووی تێدابووە.

نیکیچی 21 ساڵان بووە یەکەم وەرزشوان لە مێژوودا کە تووشی داون بووبێت و ئەم پێشبڕكێیە سەرکەوتووانە تەواو بکات، ئێستا کاری داهاتوو کریس ئەوەیە بەشداری لە یارییەکانی ئۆڵیمیادی تایبەت بە یاریزانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکات.