مزەفەر جەبار بۆ رووداو: یانەی عروبە دەگەڕێنمەوە نایاب
رووداو دیجیتاڵ
مزەفەر جەبار، راهێنەری ناسراوی عێراقی، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەیەوێت یانەی عروبەی عومانی بگەڕێنێتەوە خولی نایابی عومانی و جێپەنجەی خۆی لەو وڵاتە دیاری بکات.
ئەم راهێنەرە عێراقییە وەرزی ئەمساڵ لە لایەن یانەی عروبەی عومانی دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی سەرکردایەتی تیپەکە بکات لە خولی یانە پلەیەکەکانی عومان و گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ خولی نایاب، لەبەرئەوەی هاندەرانی یانەکە نیگەرانن لە دابەزینی یانەکەیان بۆ ریزی یانە پلەیەکەکان.
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پلەیەکەکانی عومان بە بەشداری 17 یانە بەشێوازی 3 کۆمەڵە بەڕێوەدەچن و دوای تەواوبوونی سەرجەم یارییەکانی خولەکە سێ یانە سەردەکەون بۆ ریزی یانە نایابەکان، یانەی عروبە ئاستێکی بەرزی نمایشکردووە، کە دوای تێپەڕبوونی 10 گەڕ تیپەکە 8 یاری بردووەتەوە و 2 یاریش یەکسانبووە، ئێستا بەکۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیی کۆمەڵەی دووەمە.
مزەفەر جەبار، راهێنەری یانەی عروبەی عومانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداوی روونکردەوە "تیپەکەم لە ئاستێکی بەرزدایە و دەمەوێت ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پلەیەکەکان و گەڕانەوە بۆ ریزی خولی نایابی عومانی بکەم، لەبەرئەوەی یانەکەم خاوەن نێبانگ و مێژووییەکی دەوڵەمەندە".
یانەی عروبە خاوەن 2 نازناوی خولی نایابی عومانە و 2 نازناوی جامی وڵاتەکەیشی بردووەتەوە، هەروەها بەشداری جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیای کردووە.
جەبار زیاتر گوتی "تەنیا هەوڵم بۆ خولی پلەیەک نییە، پێکهاتەیەکی گونجاوم بۆ هەردوو رکابەری خولی پلەیەک و جام هەیە، بەباشترین شێوە پلانەکانم بۆ جامی عومان داناوە و دەمەوێت جامیش بەرز بکەینەوە".
مزەفەر جەبار، لە 1965 لە دایکبووە وەک یاریزان لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق یاریکردووە و بەشداری یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 1988ـی لە سیئۆل کردووە، هەروەها وەک راهێنەر سەرکردایەتی یانەکانی هەولێر، ئارارات، تەڵەبە، حدود، نەجەف لەگەڵ سناعاتی کارەبای بووە، هەروەها لە میرنشینی عومان وەک راهێنەرێکی بەئەزموون ناسراوە، کە لەگەڵ زۆر یانەی ئەو وڵاتە کاری کردووە.
یانەی عروبەی عومانی لە 1970 دامەزراوە، خاوەن یاریگەیەکی نێودەوڵەتییە، کە شوێنی 16 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.