لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا ریال مەدرید زۆرترین پارەی دەستکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، تاوەکو ئێستا لەنێو سەرجەم یانە بەشداربووەکانی ئەم وەرزەی جامپیۆنزلیگدا زۆرترین پارەی وەرگرتووە بەهۆی ئەنجامە باشەکانی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکەدا.
 
دوێنێ سێشەممە، ریال مەدرید بەرامبەر یونیەن بەرلینی ئەڵمانی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە گەڕی شەشەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، کە ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی وەرزشیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە، لە ئاستی ئابووریشدا سوودێکی زۆری بۆ یانەی شاهانە هەبووە و پارەیەکی زۆری بۆ هێناوە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، بەهۆی ئەو شەش سەرکەوتنەوە، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەدەستیهێناون، یانەی ریال مەدرید 16.8 ملیۆن یۆرۆی لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستهێناوە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردەوە کە جگە لەو بڕە پارەیە، یانەی شاهانە بڕی 15 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆی دیکەشی وەرگرتووە، کە بڕە پارەیەکی دیاریکراوە بۆ هەموو ئەو یانانەی بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن.
 
هەروەها ریال مەدرید بەهۆی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، 9 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆی دیکەش وەردەگرێت.
 
بەم شێوەیە یانەی ریال مەدرید لە دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان توانیویەتی 42 ملیۆن یۆرۆ لە چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.