لاپۆرتا ئاگر لە جەستەی مەدرید بەردەدات

رووداو دیجیتاڵ  

 

وادیارە کڵپەی یاریی کلاسیکۆ لەناو یاریگاوە گواستراوەتەوە بۆ ناو ژووری جلگۆڕین و لێدوانە ئاگرینەکان! چیرۆکەکە لە فیکەی کۆتایی ناوبژیوان لە جەدە تەواو نەبوو، بەڵکو لەوێوە 'کێشە گەورەکە' دەستیپێکرد. خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆناS پەیامێکی تووندی بۆ کیلیان ئێمباپێ نارد.
 
چی روویدا؟
 
ریال مەدرید بەئەنجامی 3-2  یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیای دۆڕاند، بەڵام ئەوەی بارسێلۆنا و کەتالۆنییەکانی زۆر تووڕە کرد، رەفتارەکانی کیلیان ئێمباپێ بوو. ئەستێرە فەرەنسییەکە کە بەهۆی ئازاری ئەژنۆیەوە بە دەماری گرژەوە یاری دەکرد، دوای یارییەکە نەک هەر بێتاقەت بوو، بەڵکو داوای لە یاریزانانی ریال مەدرید کرد کاتی وەرگرتنی میدالیاکان یاریگە جێبهێڵن.
 
نەک هەر ئەمە! ئێمباپێ و رۆدریگۆ ئامادە نەبوون 'رێڕەوی شەرەف' بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا دروست بکەن. ئەمەش وەک سووکایەتییەک بە نەریتێکی وەرزشیی رەسەن لە ئیسپانیا بینرا.
 
وەڵامە تووندەکەی لە لاپۆرتاوە! 
 
خوان لاپۆرتا، کە هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دەزانێت چۆن بەرگری لە شکۆی بلاوگرانا بکات، بێدەنگی شکاند و بە وشەی تووند وەڵامی دانەوە. لاپۆرتا لەو بارەیەوە گوتی "سەرسامم بەو رەفتارانە! وەرزش تەنیا بردنەوە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە چۆن لە کاتی شکستدا رێزی بەرامبەرەکەت دەگریت. دەبێت رێزی مێژوو بگری!".
 
لاپۆرتا پەیامێکی روونی بۆ ئێمباپێ نارد و گوتی "هیچ گوشارێک، هیچ ناوێکی گەورە، پاساو نییە بۆ ئەوەی بەهاکانی وەرزش ژێرپێ بخەیت". ئەم قسانەی لاپۆرتا وەک تیرێک بوو بۆ ناو دڵی مەدریدییەکان و نیشانی دا کە ململانێی نێوان ئەم دوو جەمسەرە گەیشتووەتە لووتکە.
 
مەترسییەکە لێرەدایە
 
ئەم گرژییە تەنیا بۆ یارییەک نەبوو، بەڵکو تۆڵەیەکە لەو ململانێیە کۆنەی کە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە دەستیپێکردووە. ئێمباپێ لە یەکەم وەرزی گەورەیدا لەگەڵ مێرێنگی، ئێستا لەژێر گوشارێکی بێوێنەدایە. ئایا ئەم هەڵوێستەی لاپۆرتا دەبێتە هۆی ئەوەی لە یارییەکانی داهاتووی لالیگا و چامپیۆنزلیگدا 'شەڕی دەروونی' گەرمتر بێت؟ بێگومان، کلاسیکۆ تەنیا یارییەک نییە.. کلاسیکۆ جەنگی شکۆیە!.