ئەمڕۆ مانێ و سەڵاح شەڕی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوانیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە یاریی پێشکۆتایی جامی ئەفریقا، سەنیگال و میسڕ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و شەڕی سادیۆ مانێ و سەڵاحیش بابەتێکی دیکەیە لە ململانێکە.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 6 ساڵ بەسەر دیمەنی تووڕەبوونی سادیۆ مانێ بەرامبەر محەممەد سەڵاح لەنێو یاریگە، هێشتا نهێنییەکانی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە مژاری گەرمی میدیا ئینگلیزییەکانە، کە چۆن رکابەریی نێوانیان لەپشت پەردەوە کاریگەریی لەسەر ژینگەی یانەی لیڤەرپوول هەبووە.
لە سەرەتای ئەو وەرزەی لیڤەرپوول دوای 30 ساڵ نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، پەردە لەسەر پەیوەندیی نێوان سادیۆ مانێ و محەممەد سەڵاح لادرا. لە یاریی بەرامبەر بێرنلی، مانێ بەهۆی ئەوەی سەڵاح تۆپی پێنەدا، بەشێوەیەکی زۆر تووڕە دەرکەوت. ئەمە تەنیا کێشەیەکی نێو یاریگە نەبوو، بەڵکو رەنگدانەوەی ململانێیەک بوو لەنێوان دوو یاریزان بەرەچەڵەک لادێیی و هاوتەمەن و هاوئایین، هەردووکیان دەیانویست ببنە باشترینی جیهان.
بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئینگلیزییەکان، یاریزانانی لیڤەرپوول ئەو کێبڕکێیەیان وەک هۆکارێک بۆ سەرکەوتنی تیپەکە دەبینی، بەڵام کارمەندانی یانەکە هەستیان بە گوشارێکی زیاتر دەکرد. کاتێک مانێ لە 2022 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای لەسەر حیسابی سەڵاح بردەوە، لیڤەرپوول ئاهەنگێکی گەورەی بۆ ساز نەکرد. ئەمە لای مانێ وەک سووکایەتییەک و نیشانەیەک بوو بۆ ئەوەی یانەکە زیاتر پارێزگاری لە هەستەکانی سەڵاح دەکات وەک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی ئەو.
یەکێکی دیکە لە خاڵە ئاڵۆزەکان، کێشەی پزیشکیی تیپەکە بوو. کاتێک پزیشکێکی نوێی ئیسپانی کە زمانی عەرەبی دەزانی بۆ لیڤەرپوول دەستنیشانکرا، زۆرینە وایان دەبینی بۆ دڵخۆشکردنی سەڵاح بێت. بەڵام مانێ هەوڵیدا ئەو پزیشکە بۆ لای خۆی رابکێشێت، ئەمەش جۆرێک لە شەڕی ساردی لەنێوانیان دروستکردبوو.
رۆبێرتۆ فێرمینۆ، هاوڕێی نزیکی هەردوو یاریزان لە هێڵی هێرشبەری، لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت "مانێ لیڤەرپوولی جێهێشت، چونکە هەستی دەکرد وەک سەڵاح بایەخی پێ نادرێت". فێرمینۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات مانێ کەسایەتییەکی تووندتری هەبوو، لەکاتێکدا سەڵاح زیاتر بە دوای دەرفەتی گۆڵکردندا دەگەڕا. یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشووی یانەکە، ناچاربوو کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ هەردووکیان بکات بۆ ئەوەی ئەو گرژییانە کۆتایی پێ بهێنێت، بەتایبەت کاتێک ئامارەکان دەریانخست لە چەندین یارییدا پاسیان بۆ یەکدی نەدەدا.
ئەم دوو ئەستێرەیە جارێکی دیکە لە مەغریب رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. ئەم یارییە تەنیا ململانێیەک نییە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، بەڵکو زیندووکردنەوەی ئەو مێژووە پڕ لە رکابەرییەیە کە لە ئانفیڵد دەستیپێکرد.