ریال مەدرید یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی ئەربێلوا ئەنجامدەدات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا ئەنجامدەدات و قۆناخێکی نوێ لە یانەکەدا دەستپێدەکات.
لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ئەلباسێتی یاریی دەکات و یارییەکە لە یاریگەی ئەلباسێتی بەڕێوەدەچێت.
ئەم یارییە یەکەم یاریی ئەلڤارۆ ئەربێلوا دەبێت، وەکو راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەکە دەستیلەکارکێشایەوە و ئەو لە شوێنی بووە راهێنەری یانە مەدریدییەکە.
ئەربێلوا رۆژی سێشەممە سەرپەرشتیی یەکەم مەشقی یانەی ریال مەدریدی کرد، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر شێوازی یارییکردنی یانەکە و پلانەکانی ئەربێلوا دەبن بۆ ئەوەی بزانن ئەو راهێنەرە توانای ئەوەی هەیە سەرپەرشتی تیپێکی گەورەی وەکو ریال مەدرید بکات یان نا.
یارییەکە دوای لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا دێت و لۆس بلانکۆس دەیەوێت خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی جامی شای ئیسپانیا.