لووتکەی کاراباو کەپ.. چێڵسی و ئارسیناڵ بۆ بلیتێکی وێمبڵی دەجەنگن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو چاوەکان لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریجن، کاتێک چێڵسی لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کاراباو، میوانداریی ئارسیناڵی هاوشاریی دەکات، لە دێربییەکی لەندەندا و هەردوو یانە دەیانەوێت هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی وەرز بنێن.
ئەم یارییە بۆ لیام رۆسێنیۆر، راهێنەری نوێی چێڵسی تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە. دوای رۆیشتنی ئینزۆ مارێسکا، رۆسێنیۆر دەیەوێت بە بردنەوە لە ئارسیناڵ، متمانەی هاندەران بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە هەشت ساڵ چاوەڕوانیی یانەکە بۆ نازناوێکی ناوخۆیی بهێنێت. میدیاکانی ئینگلتەرا ئاماژە بەوە دەکەن بردنەوە لە ئارسیناڵ و گەیشتن بە یاریی کۆتایی لە 22ـی مانگی 3ـی 2026، دەبێتە باشترین سەرەتا بۆ ئەو راهێنەرە نوێیە.
لە بەرامبەردا، میکێل ئارتێتا و تیپەکەی لە بارودۆخێکی زۆر باشدان و پێشەنگی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگیان گرتووە. بۆ ئارتێتا، جامی کاراباو دەرفەتێکە بۆ بێدەنگکردنی ئەو رەخنانەی دەڵێن، ئارسیناڵ لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا نازناوەکان لەدەستدەدات. ئارسیناڵ لە ساڵی 2020ـەوە هیچ نازناوێکی بەدەست نەهێناوە و ئەم وەرزە بەهێزەوە بۆ هەموو نازناوەکان دەجەنگێت.
سەبارەت بە پێکهاتەی ئارسیناڵ، پێشبینی دەکرێت ڤیکتۆر یۆکێرێش لە سەرەتاوە یاری بکات، بەتایبەت کە کای هاڤێرتز تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و ئارتێتا نایەوێت سەرکێشی بە تواناکانییەوە بکات. لایەنی مەترسیداری ئارسیناڵ بوکایۆ ساکایە، کە هەمیشە بەرامبەر چێڵسی ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و لە دوایین 4 رووبەڕووبوونەوەدا 3 ئەسیستی هەبووە.
لە هێڵی ناوەڕاستدا، ململانێی مۆیسێس کایسێدۆ و دێکلان رایس دەبێتە جێگەی سەرنجی یارییەکە. کایسێدۆ ئەرکی پەکخستنی هێرشەکانی ئارسیناڵی لەسەرشان دەبێت.
بڕیارە یاریی گەڕانەوە لە 3ـی مانگی 2ـی 2026 لە یاریگەی ئیمارایتس بەڕێوەبچێت بۆ دیاریکردنی ئەو تیپەی دەگاتە یاریی کۆتایی لەسەر یاریگەی وێمبڵی.