چیرۆکی ئەو یاریزانەی پێش بوومەلەرزە چووە دەرەوە و لە مردن رزگاریبوو
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی ئەم مانگە کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان روویدا، دەیان وەرزشوان لەسەر ئاستی یارییە جیاوازەکان بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا، بەڵام سەرنجڕاکێشترین چیرۆک، رزگاربوونی یاریزانێکی تونسییە.
یاریزانەکە ناوی رامی مسەدقە و تەمەنی 21 ساڵە، مانگێک لەمەوبەر پەیوەندیی بە یانەی هاتای سپۆرەوە کردووە، چەند خولەکێکی کەم بەر لە بوومەلەرزەکە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لە مردن رزگاریبووە.
یاریزانەکە لەبارەی بوومەلەرزەکە و چۆنیەتی رزگاربوونی دەڵێت " ئەو باڵەخانەی من تێیدا دەژیام لەبەر چاوم بەتەواوی کەوتە سەر زەوی و رووخا، لەکاتێکدا چەند خولەکێکی کەم بەر لە روودانی بوومەلەرزەکە بۆ ئەوەی کاتەکانم لەگەڵ هاوڕێیەکی تورک بەسەرببەم لە ماڵ چوومە دەرەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێکی کەم لە چوونە دەرەوەم لە چاو نوقانێکدا هەموو باڵەخانەکە بوو بە داروپەردوو و هاواری ئەوانە بەرزبووەوە کە لەنێو باڵەخانەکەدابوون و ئێستاش بڕواناکەم چۆن رزگارم بوو، بەڕاستی ئەو دیمەنانە منی ترساند، سوپاس بۆ خوا کە رزگارم بوو."
یاریزانە تونسییەکەی هاتای سپۆر زیاتر دەڵێت " ئێستاش هەست بە کاریگەری بوومەلەرزە دەکەم و هەندێکجار لە ترس و دڵەڕاوکێدا لە خەو هەڵدەستم، چونکە بەڕاستی بەڕاستی باوەڕپێنەکراوە، بەتایبەت کە ئەو بوومەلەرزە گەورەیە روویدا."
رامی مسەدق لەبارەی ئەوەی کە دوای بوومەلەرزەکە چۆن ژیاوە گوتی " دوو رۆژ خەوم لێ نەکەوت، کاتەکانم لەسەر شەقام و شاخ بەسەر دەبرد، لە ترسی ئەوەی باڵەخانەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونم بڕۆخێن، دوای ئەوەش چوومە فرۆکەخانەی ئەدەنە، لەوێشەوە چوومە ئیستەنبووڵ و پاشانیش گەڕامەوە تونس."
لەبارەی ئەوەی کە ئایا لە یارییکردن لە تورکیا بەردەوامدەبێت؟ یاریزانە لاوە تونسییەکە گوتی " نازانم، هێشتا ساتە ترسناکەکانم لەبیر نەچووەتەوە، هاتای سپۆر لە خولەکە کشاوەتەوە، دوای ئەوەی یاریگەکانی شارەکە زیانیان پێگەیشت."
بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان زیانی گەورەی بە وەرزشی تورکیا گەیاند و چەندین یانە لە خولە جیاوازەکانی وڵاتەکە کشانەوە و سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانیش راگیراون.